سەردێر

وەزارەتی دارایی دەربارەی دۆلار ڕوونكردنەوە دەدات

خەڵك-
وەزارەتی دارایی عیراق ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە و ئاشكرای دەكات، كە هیچ گۆڕانكارییەك لە نرخی دۆلار نەكراوە و وەزیریش نەیوتووە ئەگەر نرخی دۆلار دەستكاری بكرێت دەستلەكاردەكێشێتەوە.

وەزارەتی دارایی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە هەندێك لە تەلەفزیۆن و ئاژانسەكانی هەواڵەوە هەندێك لێدوانی پەڕلەمانتاران سەبارەت بە گۆڕانكاری لە نرخی دۆلار بڵاوكراوەتەوە و ئاماژەبەوەكراوە، كە وەزیری دارایی وتوویەتی، “ئەگەر دەستكاری نرخی دۆلار بكرێت دەستلەكاردەكێشێتەوە”.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو لێدوانانە دوورن لە ڕاستییەوە و هیچ ڕاستییەكیان تێدا نییە و عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی ئاگاداری هیچ گۆڕانكارییەك لە نرخی دۆلار نییە و هیچ بڕیارێكیشی بۆ دەستلەكاركێشانەوە نەداوە.

وەزارەتی دارایی عیراق داواشی لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن كردووە بۆ هەواڵ و زانیاری پشت بە سەرچاوەی فەرمی ببەستن و پڕوپاگەندە بڵاونەكەنەوە.

ماوەی دوو ڕۆژە بەهۆی لێدوانی بەشێك لە پەڕلەمانتاران بۆ كەمكردنەوەی نرخی دۆلار لە بودجەدا، شڵەژان لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو دروست بووە و شەوی ڕابردوو بەهای 100 دۆلار بۆ 142 هەزار دینار دابەزی.