سەردێر

پارێزگاری هەولێر: بەداخەوە لە نەورۆزدا خەڵك پابەندی ڕێنماییەكان نەبوو

"لە ڕۆژانی نەورۆزدا 490 هەزار كەس چوون بۆ سەیران"

خەڵك-
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر ڕاپۆرتێك دەربارەی دۆخی شارەكە لە ڕۆژانی نەورۆز و پشووەكاندا بلاودەكاتەوە و ئاشكرای دەكات، كە 490 هەزار كەس چوون بۆ سەیران و هاوكات زیاتر لە 16 هەزار گەشتیار لە ناوچەكانی عیراقەوە هاتوون و هەروەها 92 تاوان تۆماركراوە و 7 ڕووداوی هاتووچۆ تۆماركراوە.

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەداخەوە هاووڵاتییانی سنووری پارێزگاكەمان بەو شێوەیەی چاوەڕان دەكرا لێیان بەبێ ڕەچاوكردنی ئەو دۆخە هەستیارەی، كە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە دووچاری هاتووین، پابەند نەبوون لەجێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی و پاك ڕاگرتن و پاراستنی ژینگە و شوێنە گشتییەكان.

ڕاشیگەیاندووە، لە 16ی ئازار تاوەكو 23ی ئازار، (42,772) گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان كردووە، كە 16.210 كەسیان لە ناوەڕاست و باشووری عیراقەوە هاتوون و 490 هەزار كەسیش لەو سێ‌ ڕۆژەی نەورۆزدا چوون بۆ سەیران.

ئاماژەی بەوەشكردووە، 10 حاڵەتی ڕوودانی ئاگركەوتنەوە تۆماركراوە و لە 7 ڕووداوی هاتووچۆدا 27 كەس بریندار بوون و 4 كەس گیانیان لەدەستداوە.

ڕاگەیندراوێك لە نووسینگەی پارێزگاری هەولێر
بەپێی ئەو ئامادەكاری و پلانانەی بۆ سێ ڕۆژی جەژنی نەورۆز كە لەلایەن بەڕێز پارێزگاری هەولێر و ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێرئامادەكرابوو، بەمەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاكەمان، هەروەها دابینكردنی هاتووچۆیەكی ئاسودە و سەلامەت لەچونە سەیران و پابەندبونی هاوڵاتییان بەڕێنماییە تەندروستییەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی لەكۆرۆنا و پاراستنی ژینگە لەسەیرانگە و شوێنە گشتیەكان، ڕۆژانی جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ لەسنووری پارێزگای هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:-
یەكەم/ گەشت و گوزرا:-
لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر لە سنووری پارێزگای هەولێر، چەندین لێژنەی تایبەت پێكهێنرا بە مەبەستی چاودێریكردن و بەدواداچوون بۆ بنكە و ناوچە گەشتیارییەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە ڕووی گەشتیاران، لە ماوەی یەك ھەفتەی رابردوودا لە 16ی ئازار تاوەكو 23ی ئازار، (42,772) چل و دوو هەزار و حەوت سەد و حەفتا و دوو گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان كردووە، كە بەتەنها لە ماوەی سێ ڕۆژی جەژنی نەورۆز لە 21ی ئازار تاوەكو 23ی ئازار، (16,210) شانزە هەزار و دوو سەد و دە گەشتییار لە ناوەراست و خوارووی عێراقەوە سەردانی پارێزگای هەولێریان كردووە، هەروەها كۆی گشتیی هاوڵاتییان و هاوشاریانی پارێزگای ھەولێر كە چوونەتە سەیران لەھەر 3 رۆژی جەژنی نەورۆز (490) چوارسەد و نەوەت ھەزار كەس بوونە.
دووەم/ هاتووچۆی هەولێر:-
پلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی نەورۆز چۆن داڕێژرابوو بەهەمان شێوەش بەهەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بازگەكانی هەولێر تەواوی بڕگەكانی جێبەجێكران، بەوشێویەش بەخۆشحاڵییەوە هاوڵاتیان لەكاتی چون وگەڕانەوەیان لەسەیرانگاكان توشی ئاستەنگی هاتووچۆی گەورە نەبوون، وەتەنها قەرەباڵغیەكی ئاسایی لەسەر ڕێگایەكان بەهۆی زۆری ژمارەی سەیرانكاران پەیدابوو، سەبارەت بەڕوداوەكان لە 3 ڕۆژی جەژنی نەورۆز بەداخەوە (7)ڕوداوی هاتووچۆی مەترسیدار ڕوویاندا كە لەنجامیاندا بەداخەوە (27) كەس برینداربون و (4) كەسیشیان گیانیان لەدەستدا.
سێیەم/ پۆلیسی هەولێر:-
سەبارەت بە پلانی ئەمنی و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییان و ئامادەباشی هێزەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، بەبێ گیرو گرفت تەواوی بڕگەكانی جێبەجێكران و سەركەوتوو بوو، لەهەرسێ ڕۆژی جەژنی نەورۆز ئاماری تاوانەكان بەمشیوەیەی بوو، (92) تاوان تۆماركراوە، (87) تاوان ئاشكراكراوە و تاوانباران دەستگیركراون، (5) تاوانیش لە ژێرلێكۆڵینەوە دایە.
چوارەم/ بەرگری شارستانی:-
تەواوی بنكەكانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی نەورۆز لە ئەرك دابوون، لەوماویەشدا (10) حاڵەتی ئاگركەوتنەوە و (1) حاڵەتی ڕزگاركردن لەخنكان هەبووە، سەرجەم حاڵەتەكان لەلایەن تیمەكانی بەرگری شارستانییەوە كۆنترۆڵكراون و جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتۆتەوە.
ویڕای دەستخۆشیمان لەهێزە ئەمنیەكان و تیمە تەندروستییەكان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان و بۆ بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان لەسێ ڕۆژی جەژنی نەورۆزدا، لێرەوەش جارێكی تر وەكو پارێزگای هەولێر هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی هەولێری پایتەخت دڵنییا دەكەینەوە وەك هەمیشە لەخزمەتی ئێوەدا دەبین و بەهەموو توانایەكمانەوە بەپشت بەستن بەتوانا و چاووكراوەیی هێزە ئەمنیەكانی ناوخۆ، شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەك بۆ پاراستنی سەلامەتی و پارێزگاریكردن لە سەر و ماڵتان و دەستەبەركردن و گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان، جارێكی تر سوپاس بۆ یەكە كارگێڕی و ئیدارییەكان و تیمەكانی شارەوانی، لەسەرجەم قەزا و ناحییەكان، كە لە سێ ڕۆژی نەورۆزدا ڕێگریانكرد لەئەنجامدانی سەرپێچی و دروستكردنی زێدەڕۆیی، كە بەداخەوە چەند كەسێكی نابەپرس بە قۆستنەوەی ڕۆژانی پشووی جەژنی نەورۆز بەنیازبوون زێدەڕۆیی لەسەر موڵكی گشتیی ئەنجامبدەن.
لەكۆتایدا سەرەڕایی هەموو ئەو ئامادەكاری و ماندووبوونەی تیمە تەندروستییەكان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كە لە سێ ڕۆژەی جەژنی نەورۆز كرابوون لەپێناو پاراستن و هۆشیاركردنەوە و ئاگاداركردنەوەی هاوڵاتییان، بۆ خۆپارێزی و پارێزگاریكردن لە ژینگە، بەڵام بەداخەوە هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاكەمان بەو شێوەیی چاوەڕان دەكرا لێیان بەبێ ڕەچاوكردنی ئەو دۆخە هەستیارەی كە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە دووچاری هاتووین، پابەند نەبوون لەجێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی و پاك ڕاگرتن و پاراستنی ژینگە و شوێنە گشتییەكان، كە بەداخەوە ئەم پابەندنەبوونەشیان وایكرد ژینگەی سەیرانگا و شوێنەگشتییەكان پیسبكرێت و دۆخی تەندروستییش لەشارەكەمان سەخت تربێت.
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر
2021.3.24