سەردێر

كەمال مەزهەر لە سلێمانی بەخاك سپێردرا

خەڵك-
دوای گەڕاندنەوەی تەرمەكەی لە ئەڵمانیاوە بۆ هەرێمی كوردستان، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی مێژوونووسی گەورەی كورد د. كەمال مەزهەر لە سلێمانی بەخاك سپێردرا.

د. كەمال مەزهەر، مێژوونووس و نووسەری گەورەی كورد لە 16ی ئەم مانگە و لە تەمەنی 84 ساڵیدا لە وڵاتی ئەڵمانیا بە نەخۆشی كۆچی دوایی كرد.

دوای گەڕانەوەی تەرمی د. كەمال مەزهەر بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، بەڕێكرا بۆ سلێمانی و دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شەممە 24ی ئازار، لە گردی سەیوان لە سلێمانی لە تەنیش گۆڕی (ئەمین زەكی بەگ) بەخاك سپێردرا.

كەمال مەزهەر لە ساڵی 1937 لە شارەدێی ئاخجەلەر لە دایك بووە و بەهۆی بوونی چەندین بەرهەم لەبواری نووسین و مێژوو نازناوی “مێژوونووسی گەورەی كورد”ی پێ‌ دراوە.

لە ساڵی ١٩٥٩ی زایینی لە زانکۆی بەغدا کارناسیی مێژووی وەرگرت و چوو بۆ یەکێتیی سۆڤیەت و لەوێ‌ لە ساڵی ١٩٦٩ی زایینی لە ئەنستیتۆتی ڕۆژھەڵاتناسیی ئەکادیمیای زانستەکانی سۆڤیەت دکتۆرای زانستەکانی وەرگرت، ھەروەھا ئەندامی یەکێتیی نووسەرەکانی کورد و ئەنستیتۆتی کورد لە پاریس بوو.

پوختەیەك لە كارەكانی:
یەكەم/ بە زمانی عەرەبی
1- كوردستان لە ساڵانی شەڕی جیھانیی یەكەم
2- ڕاپەرینی ١٩٢٠ لە ڕۆژھەڵاتناسیی سۆڤیەت
3- چاوپێكەوتنێك بە چەند كێشەیەكی نێونەتەوەیی لە ڕۆژھەڵاتی ناوین
4- ڕۆلی گەلی كورد لە ڕاپەرینی ١٩٢٠ی عێراق
5- سەرھەڵدان
6- چینی كرێكاری عێراق پەیدابوونەوە و یەكەمین بزووتنەوەكانی
7- مەكیاڤێلی و مەكیاڤێلیسم
8- حەقیقەتەكانی مێژووی كوردەكان
9- چەند وتارە سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێونەتەوەییی دەوڵەتە مەزنەكان
10- چەند وانە لەسەر مێژووی ئێرانی نوێ و ھاوچەرخ

دووەم/ بە زمانی كوردی
1- كوردستان لە ساڵەكانی شەڕی یەكەمی جیھاندا
2- كورد و كوردستان لە بەڵگەنامە نھێنییەكانی حكوومەتی بەریتانیادا
3- ژن لە مێژوودا: كورتە باسێكی مێژوویی و كۆمەڵایەتی
4- تێگەیشتنی ڕاستی؛ شوێنی لە ڕۆژنامەنوسی كوردیدا
5- مێژوو
6- ڕونەسانس
7- پەڕەكانێك لە مێژووی گەلی كورد
8- چینی كرێكارانی عێراق پەیدابوونەوە و یەكەمین بزووتنەوەكانی

سێیەم/ بە زمانی ڕووسی
1- خەباتی ڕزگاركەری كوردان دژ بە ئیستیعماری بریتانیا لە ساڵانی ١٩٣٢–١٩١٨ی زایینی
2- كورتەیەك لە مێژووی كوردەكان لە ساڵانی ١٩٥٨–١٩١٨ی زایینی
3- بەشدرایكردن لە نووسینی كتێبەكانی: پەیدابوونەوەی چینی كرێكار لە وڵاتە ئاسیایییەكان و ئەفریقایییەكان

چوارەم/ وەرگێڕانەكان
1- سەبارەت بە فێئۆدالیزم لە نێو كوردەكان ئا. شامیلۆف
2- وەرگێڕانی ٥ كتێبی وانەیی زانكۆ
3- كوردەكانی ئیمپراتۆریی عوسمانی