سەردێر

سەیرانکەران ژینگەی کوردستانیان وێرانكرد

"هیچ ساڵێك هێندەی ئەمساڵ ژینگە پیس نەكراوە"

خەڵک – نزار جەزا

سکرتێری پارتی سەوزی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێویستە هاووڵاتیان خۆیان بەخاوەنی ئەم نیشتیمانە بزانن و چیتر پیسی نەکەن، چونکە هیچ ساڵێک هاوشێوەی ئەمساڵ ژینگە و سروشتی کوردستان پیسنەکراوە.

لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و ئەنجامدانی گەشت و سەیران بۆ ناوچە گەشتیارییەکان و چونە ناو سروشتی کوردستانەوە، ژینگە و سروشتە جوانەکەی هەرێم شێوێندرا، بەجۆرێک بەشێکی زۆر لەسەیرانگاکان هێندە خۆڵ و پیسی لێ جێهێڵراوە، کەڵکی نەماوە جارێکی دیکە بۆ گەشت و سەیرانبچیتەوە.

ملکۆ بازیانی سکرتێری پارتی سەوزی کوردستان بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، ئەوەی لەم بەهارەدا ڕوویدا کارەسات بوو، چونکە بەشێوەیەکی زۆر خراپ ژینگە پیسکرا و هێرشێکی ناڕەوا کرایە سەر ژینگە و سروشتی کوردستان، بۆیە ساڵانی پێشتر ئاستی هۆشیاری هاوڵاتییان زیاتربوو بەراورد بەئەمساڵ.

ئاماژەی بەئەوەشدا،بەبەردەوامی رێکخراوە ژینگەییەکان هۆشدارییان بەهاوڵاتییان داوە، کە ئەم ژینگەیە ژینگەی هەمووانە و پیسی نەکەن، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ ئەوەی سەوزاییەکانیان پیسکرد و پاکیاننەکردوە، تەنانەت بەرازێکیشیان کوشت.

باسی لەئەوەشکرد، خەڵک دڵی بەم نیشتیمان و خاک و ئاو و هەوایە خۆشنییە، بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێم ئەو خەڵکانە ئاشتبکاتەوە، لەلایەکی دیکەوە هەندێک گەشتیاری عەرەب گرنگی بەژینگەی هەرێم نادات و پیسی دەکات و جێیدەهێڵێت.

ئەوەشی خستەڕوو، باشترین چارەسەر بۆ ئەم دۆخە ئەنجامدانی چاکسازی و باش ئیدارەدانی حکومەت و باشترکردنی دۆخی ژیانی هاوڵاتییانە، بۆئەوەی هاوڵاتی ئاشتبێتەوە، پەروەردەکردنی منداڵ هەر لەباخچەی ساوایان و قوتابخانەکانەوە بێت بۆئەوەی ژینگەیان خۆشبوێت و بیپارێزن.

وتیشی: لەماوەی ئەم نەورۆزەدا چەندین حاڵەتمان هەبووە، کە دار بەڕووی سەوز ئاگری لەژێردا کراوەتەوە و سوتێنراوە، تەنانەت تیمەکانمان لەزۆر شوێن پێیان وتوینەتەوە، کە هیچ ساڵێک وەک ئەمساڵ ژینگە پیسنەکراوە.

دەشڵێت: ئەم ژینگەیە چەندێک پیسبێت، زیانی بۆ ئێمە و نەوەکانی داهاتووشمان هەیە.

پیسبوونی ژینگە جۆری زۆرە کە پێکدێن لەم جۆرانە: پیسبوونی هەوا، پیسبوونی ئاو، پیسبوونی خاک، پیسبوون بە تیشک، بیسبوونی دەنگ، پیسبوونی بینین، ژەهراویبوونی خۆراک، پیسبوونی ژینگه‌ به‌ تیشكی ئه‌تۆمی.

هەرێمی کوردستان سروشتێکی جوان و دڵگیری هەیە، کە پێویستە بەچەند ڕێگەیەک لەئاستی باڵادا بپارێزرێت، لەوانە ڕیسایکلین بۆ گۆڕینی پاشماوە بەفیڕۆدراوەکان بۆ بەرهەمی نوێ. سەرچاوە ئاوییەکان بپارێزرێت، چونکە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە بۆ پاراستن و بەردەوامیدان بەژیان لەسەر زەوی. ناشتنی زیاتری دار و درەخت.