سەردێر

سیسی ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئیخوان رەت دەكاتەوە

ئیخوان ئامادەیی بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ سیسی راگەیاند

خەڵك-

دوای دەركەوتنی ئاماژەكانی نزیكبوونەوەی ئەنقەرە و قاهیرە، ئیخوان موسلمین خواستی خۆی بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ میسر نیشاندا، لە كاتێكدا ئیخوان لەنێو لیستی تیرۆری میسردایە و هەزاران سەركردە و لایەنگریان لەزیندانن و چەندین سەركردەكەشیان لە زیندان گیانیان لەدەستداوە و هەموو كارێكیان لە نێو میسردا لێ قەدەغەكراوە.

لە دەستپێشخەرییەكی بێ وێنەدا ئیبراهیم مونیر هەڵسوڕێنەری كاروباری رێبەری گشتی گرووپی ئیخوان موسلیمین ئامادەیی گرووپەكەی بۆ رازی بوون بەر هەر هەوڵێك بۆ خزمەتی گەلی میسری نیشاندا.

ئەم لێدوانە دوای چەند رۆژێك دێت لە دەستپێكردنی گفتوگۆكانی ئەنقەرە و قاهیرە و داخستنی كەناڵەكانی ئیخوان لە توركیا.

مونیر بۆ كەناڵی الجزیرە رایگەیاند ئەوان بەشێكن لە گفتوگۆ لەگەڵ میسر، باسی دەستگیركراوەكان و رفێنراوەكان و خاوەن خوێنەكان هەبێت و رەوشی گەل باشبكرێت، گفتوگۆ دەكەن.

ئەم دەستێشخەرییە لەلایەن سەركردە و لایەنگرانی ئیسلامی بەتایبەت حزبی نوری سەلەفی پێشوازی كرا.

گرووپی ئیخوان گورزێكی كوشندەی بەركەوت بەهۆی فشارەكانەوە لەسەری و بەهۆیەوە لەنێوخۆدا لاواز بوو، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمیش تووشی پاشەكشە بوو و هاوكات تووشی دابەشبوونی نێوخۆییش بوو، بۆیە ئیخوان لە رەوشێكی زۆر قورسدایە ئێستا.

لە ئەم رەوشە قورس و لاوازییەی ئێستا ئیخواندا قورسە بتوانێت هیچ مەرجێك بەسەر عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسردا بسەپێنێت.

لایەنگرانی حكومەتی میسر لە رۆژانی رابردوودا بە توندی دەستپێشخەرییەكەی ئیخوانیان رەتكردەوە بۆ ئاشتبوونەوە بەپێی راپۆرتی كەناڵی الجزیرە.

لای خۆیەوە مەحمود بەدر ئەندامی پێشووی پەرلەمانی میسر دەڵێت ئیخوان متمانەی بە توركیا هەیە پێشوازی دەكات لە هەر نێوەندگیرییەك لەگەڵ حكومەتی میسر، بەڵام تا ئێستا هیچ نێوەندگیرییەك نەكراوە دەربارەی ئیخوان.

لای خۆیەوە میدیاكاری نزیك لە حكومەتی میسر ئیبراهیم عیسا دەڵێت ئیخوان موسلمین نزیكبوونەوەی قاهیرە و ئەنقەرە بە كۆتایی خۆیان نازانن، خۆیان دەدۆزنەوە لە وڵاتێكی دیكە.

داواشیكرد لێ خۆشبوون بۆ ئیخوان نەكرێت و لێیان بدرێت، لێیان بێ ئاگا نەبن.

میدیاكارێكی دیكەی سەر بە حكومەتی میسر نەشئەت دیهی ئاماژە بەوە دەكات هەر لایەنێك پشتیوانی ئیخوان بكات دوژمنی میسرە، گرووپی ئیخوان لە ریزی تیرۆردایە، هەر لایەنێك هاوكاری بكات كاری تیرۆرستی كردووە.

داواشی كرد پرسی ئاشتبوونەوەی توركیا و میسر نەبەسترێتەوە بە دۆسێی ئیخوانەوە، ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئیخواندا نییە، دەوڵەت بیر لە ئاشتبوونەوە ناكاتەوە لەگەڵ ئیخوان، گوتەی مونیریش بۆ دەرچوونی ئیخوانە لەو تەنگەبەرەی تێكەوتوون.