سەردێر

ئەمڕۆ تەرمی كەمال مەزهەر بەخاك دەسپێردرێت

خەڵك-

ئەمڕۆ چوار شەممە تەرمی كەمال مەزهەر لە دەرەوەی وڵات لەسەر ئەركی موستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەڕێنرایەوە بۆ هەولێر و لە ڕێوڕەسمێكی تایبەتدا بە ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێم و چەندین بەرپرسی حكومی و حزبی پێشوازی لێكرا و بڕیاریشە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی ناوبراو بگەڕێنرێتەوە بۆ سلێمانی و لە گردی سەیوان بەخاك بسپێردرێت.

پرۆفیسۆر د.كەمال مەزهەر لە ساڵی (١٩٣٧) لە بنەماڵەیەكی نیشتیمانپەروەر لەگوندی ئاغجەلەری سەر بە پارێزگای كەركوك چاوی بەدونیا هەڵهێناوەو ساڵی (١٩٥٥) قۆناغی ئامادەیی تەواوكردووەو پاشان لە ساڵی (١٩٥٩) لە كۆلێجی پەروەردەی زانكۆی بەغدا، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لەمێژودا بەدەستهێناوە. لە ساڵی (١٩٦٣) لە یەكێتی سۆڤیەتی ئەوكات بڕوانامەی دكتۆرای پێبەخشراو دواجار لە ساڵی (١٩٦٩) لەهەمان وڵات بڕوانامەی دكتۆرای ناوكی بەدەستهێنا، كە بە بەرزترین بڕوانامەی ئەكادیمی ئەوكاتە ئەژمار دەكرێت.

لای خۆشیەوە ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لەدەستدانی زاناو بیرمەندو مێژونووسی مەزنی گەلەكەمان پڕۆفیسۆر د.كەمال مەزهەر، لەدەستدانی ئەم زانا گەورەیە خەسارەتێكی گەورەو قەرەبوونەكراوەیە لە زانست و زانیاری و عیلم و مەعریفە.

وتیشی”دامەزراندنی ناوەندی توێژینەوەی (پرۆفیسۆر د.كەمال مەزهەر) بۆ دیراساتی مێژویی و ڕۆژهەڵاتناسی لە زانكۆی سلێمانی ڕادەگەیەنین، بەو هیوایەی ئەم ناوەندە زانستییە ببێتە وێستگەیەك بۆ درێژەپێدانی ڕێبازە زانستییەكەی و لەم ڕێگەیەوە توێژەران و سكۆڵەرەكانی بواری مێژوی كوردو ڕۆژهەڵاتناسی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بتوانن درێژە بە كاروانی زانستیی مامۆستای كۆچكردوو بدەن”.