سەردێر

“گەندەڵی لە كەركوك گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار”

خەڵك-

بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت، لە كەركووك دەسەڵاتێكی سەپێندراو لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017ـوە دەستی بەسەر شارەكەدا گرتووە و گەندەڵی گەیشتووەتە دۆخێكی مەترسیدار و خزمەتگوزارییەكانیش تێكچوون.

حەسەن شێخانی بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی بزووتنەوەی ئیسلامی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، پڕۆسەی تەعریب بەردەوامە، ئەو خەڵكەی كەركوك لە پاش ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن گەڕانەوە بۆ شارەكە و ئەو گەڕەكانەی بۆیان دروست كراوە و لە كاتی خۆی زەوییان پێدراوە، پارێزگاری سەپێندراو بە نووسراوێك ناوی ناون تەجاوز و هیچ خزمەتگوزارییەكیان بۆ ناكرێت، ساڵانەش بودجەیەكی زۆر دێتە شارەكە بۆ پڕۆژە، بەڵام تەنها بەناو كار دەكەن لە ڕێگاوبانەكان.

وتیشی”بەرپرسانی سەپێندراوی شارەكە ئەو پڕۆژانەی لە كەركوك جێبەجێی دەكەن، لە بەرژەوەندیی نەتەوەكانی خۆیانە لەگەڵ بەهەدەردانی داهاتێكی زۆر، هیچ پڕۆژەیەكیش بۆ ناوچە كوردییەكان جێبەجێ ناكەن، بودجەی تایبەتیش بۆ حەویجە تەرخان دەكرێت و ئەویش بۆ ئەوەیە گوایە پێشتر داعشی تێدا بووە و ئێستاش بەردەوام مەترسیی داعشی لەسەرە، بۆیە پڕۆژەی وەهمیی زۆر لەوێ هەیە”.

ئاشكراشیكرد، بۆ ساڵی 2021 حكوومەتی عێراق 140 ملیار دینار بودجەی بۆ كەركوك داناوە، پارێزگاری سەپێندراو 70 ملیاری تەنها بۆ حەویجە تەرخان كردووە، پڕۆژەش جێبەجێ ناكرێت، كە ئەوەش گەندەڵییەكی زەقە، سەرباری ئەوەش ناوچە كوردییەكان پشتگوێ خراون و ئەو پارەیەی بۆ گەڕەكە عەرەبییەكانیش تەرخان دەكرێت، نابینرێت پڕۆژە بە شەقام و باڵاخانەكانەوە دیار بێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە لایەن خەڵك و پەڕلەمانتارانەوە، كەیسێك دژی پارێزگاری سەپێندراو دروست كراوە، بەڵام لەبەرئەوەی پشتیوانیی بەهێزی هەیە، نەتوانراوە ڕووبەڕووی دادگا بكرێتەوە، كاتێك كەیسی لەسەر كراوەتەوە، ئێستاش پێكهاتەی عەرەب تاكلایەنە حوكمی كەركوك دەكات و بەعەرەبكردن و دەركردنی فەرمانبەرانی كورد بەردەوامە.

رونیشیكردەوە هەندێك پەڕلەمانتاران ڕاسپێردراون چاودێریی كاروباری ئیداریی پارێزگاكە بكەن، بەڵام سنوورەكە فراوانە و كەمتەرخەمیی زۆر هەیە، جوڵەی تیرۆریستانی داعش فراوان بووە و بەعەرەبكردنیش بەردەوامە، ئەمە لەكاتێكدایە دەستوور ڕێگە بە بەعەرەبكردن نادات، چونكە گۆرانكاری دیموگرافی دژی بنەما گشتییەكانی دەستورە، لەبەرئەوە وەك حزبە كوردستانییەكان داوای ئیدارەیەكی هاوبەشمان كردووە كە هەموو نەتەوەكان ڕۆڵیان هەبێت لە بەڕێوەبردندا.