سەردێر

بڕیار لەدەستپێكردنەوەی خوێندن دەدرێت

خەڵك-

بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی دەوروبەری هەولێر سەرجەم خوێندكارانی پۆلی 12 ئاگادار دەكاتەوە ئەمڕۆ چوار شەممە دەوام ئاساییە و دەستپێكردنەوەی دەوامیش تەنها بۆ پۆلی 12ی ئامادەییە.

ئاشكراشیدەكات، بۆ پۆلەكانی دیكە چاوەڕوانی بڕیاری وەزارەت و لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا دەكەین.

بەپێی زانیارییەكان، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا زیادیكردووە و لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بۆ تاوتوێكردنی ڕەوشی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە و دەستپێكردنەوە یان درێژكردنەوەی ڕاگرتنی خوێندن كۆدەبێتەوە و بڕیار و ڕێكاری نوێ بڵاودەكاتەوە.

هەر بە پێی زانیارییەكان، پڕۆسەی خوێندنی قۆناغەكانی دیكە جگە لە پۆلی 12ی ئامادەیی بۆ ماوەی هەفتەیەك دوادەخرێت و لەگەڵ نزمبوونەوەی ئامارەكانیش بڕیاری نوێ دەدرێت.

لای خۆشییەوە ئاشنا عەبدوڵڵا ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە (17، 18 و 19)ی ئەم مانگە خوێندكارانی پۆلی (12)ی ئامادەیی خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، لیژنەی پەروەردە ‌و خوێندنی باڵا لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە تاوتوێی چەند پرسێكی كردووە و وەزارەت بڕیاری ئەوەی داوە ئەو ماوەیەی دراوەتە خوێندكاران، كە 28 ڕۆژ بوو زیاد بكرێت و بكرێتە (40) ڕۆژ تاوەكو خوێندكاران كاتی زیاتریان هەبێت بۆ كۆشش و خۆئامادەكردن.

ئاشكراشیكرد، یەكێكی دیكە لە داواكارییەكانی خوێندكاران ئەوەبوو لەبری ئەنجامدانی 3 تاقیكردنەوە لە هەفتەیەكدا بكرێتە دوو تاقیكردنەوە، بۆیە وەزارەتی پەروەردە ئەوەشی پەسەند كردووە و سەبارەت بە كەمكردنەوەی پڕۆگرامەكانی خوێندن وەزارەتی پەروەردە لیژنەیەكی پێكهێناوە، دەیانەوێت پێداچوونەوەیەك بۆ وەرزی دووەم بكەن.

سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی خوێندنی پۆلە ناكۆتاكان، ناوبراو ڕایگەیاند، ئەوە لە دەسەڵاتی لیژنەی بالای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنایە و بڕیاری كۆتایی لەبارەوە دەدەن.

لای خۆشیەوە، ئامادەیی بێخاڵی نمونەیی لە سلێمانی لە لاپەڕەی فەیسبوكی خۆی ئاشكرایكرد، خوێندكارانی قۆناغی (۱۲) ئاگادار دەكەین، كە ئەمڕۆ چوار شەممە 24-3-2021 دەوامە و خوێندكارانی قۆناغی (۱٠و ۱۱) ڕۆژی شەممە 27-3-2021 دەوامە.

ڕاشیگەیاندووە، تاقیكردنەوەكان ڕۆژی یەك شەممە 28-3-2021 دەستپێدەكات بەپێی ئەو خشتەیەی پێشتر دانراوە.