سەردێر

خەڵك؛ وادە و شێوازی دابەشكردنی مووچەی پێشمەرگە ئاشكرادەكات

خەڵك-
ماوەی دوو مانگە هێزەكانی پێشمەرگە لە لیوا یەكگرتووەكانی مووچەیان وەرنەگرتووە و تا ئێستاش هاوكارییەكەی ئەمریكا نەگەیشتووە و حكومەتی هەرێمیش لە بودجەی خۆی مووچەی پێ‌ نەداون.

ژمارەیەك پێشمەرگە بۆ (خەڵك) ئاماژەیان بەوەكرد، كە ئەوان سەر بە لیوا یەكگرتووەكانی وەزارەتی پێشمەرگەن و بڕیار بوو مووچە بەبێ‌ لێبڕین وەربگرن بەهۆی ئەوەی ئەمریكا مووچەیان دابین دەكات و سێ‌ مووچەیان پێ‌ بدرێت، بەڵام نەك هەر سێ‌ مووچەیان وەرنەگرت، بەڵكو مانگانە لەگەڵ خشتەی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران مووچەیان پێ‌ نادرێت.

وتیشیان، “مووچەی مانگی شوبات-یان وەرنەگرتووە و ئەم هەفتەیەش مووچەی مانگی ئازار دابەش دەكرێت و تا ئێستا هیچ بڕیارێك نیە بۆ پێدانی مووچە و هەر پێمان دەوترێت چاوەڕێی هاوكارییەكەی ئەمریكابن”.

لای خۆشییەوە، لیوا قارەمان، جێگری سەرۆكی ئەركانی پێشمەرگە بۆ مەشق و ئۆپراسیۆن بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، وەزیری پێشمەرگە لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ دابین كردنی مووچەی لیواكان و لانی كەم مووچەیەكیان پێ‌ بدرێت تاوەكو هاوكارییەكانی ئەمریكا دەگات.

ڕاشیگەیاند، تا ئێستا بەهۆی نەهاتنی هاوكارییە داراییەكەی ئەمریكاوە لیواكانی پێشمەرگە، كە بڕیار بوو 3 مووچەیان پێ‌ بدرێت مووچەیان وەرنەگرتووە و وتیشی، “پێم وایە لەگەڵ مووچەی مانگی 3دا مووچەیەكی تەواو دەدرێت بە لیواكانی پێشمەرگە وەك قەرز تا پارەكەی ئەمریكا دەگات و ئەوكات مووچەكانی تریشیان پێ‌ دەدرێت و پارەی قەرزەكەش دەگەڕێتەوە بۆ حكومەت”.

جەختیشی كردەوە، ئەو مووچەیەی دەدرێت بە پێشمەرگە بەبێ‌ لێبڕین دەبێت.