سەردێر

دۆلار هاڕەی كرد

خەڵك-
دوبەدوای لێدوانەكانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاری لە سیستمی یەدەگی فیدڕاڵی ئەمریكا و هاوكات ناڕەزایی حزبە سیاسییەكانی عیراق لەسەر بەهای دۆلار لە بودجەدا و هەڕەشەی بایكۆت كردنی، بەهای دۆلار بەڕێژەیەكی بەرچاو دابەزی.

بەپێی هەواڵی میدیا عیراقییەكان، ئێوارەی ئەمڕۆ سێ‌ شەممە بەهای 100 دۆلار لە بۆرسەی كیفاح بۆ 141 هەزار و 500 دینار دابەزیوە.

هاوكات، سەرچاوەیەك لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، بەهۆی لێدوانی پەڕلەمانتاران و حزبەكانی عیراق لەسەر بایكۆت كردنی بودجە لەسەر بەرزی نرخی دۆلار، بەهای دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە و لەكاتەكانی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بووە بە 144 هەزار و 500 دینار و لە ئێستتاشدا زیاتر دابەزیوە بۆ 142 هەزار و 500 دینار.

ئاشكراشی كرد، كە هۆكارێكی دیكە بۆ دابەزینی بەهای دۆلار ئەوەیە، كە هاووڵاتیان لەترسی دابەزینی زیاتر دۆلار دەفرۆشن و ئەوەش خستنەڕووی زیاد كردووە.

وتیشی، “داوا لە هاووڵاتیان دەكەین پەلە نەكەن لە فرۆشتنی دۆلار با زیان نەكەن، چونكە تا سبەینێ‌ سەعات 10ی بەیانی، كە بۆرسە دەكرێتەوە هیچ بەرچاو ڕوونییەك نییە”.

لای خۆشیەوە، دانا وەرتی، شارەزای كاروباری دراو و زێڕ لە هەولێر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لێدوانەكانی جیروم پاوڵ، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاری لە سیستمی یەدەگی فیدڕاڵی ئەمریكا بۆتە هۆی دابەزاندنی بەهای دۆلار بەشێوەیەكی گشتی لە بۆرسەی جیهانی.

وتیشی، “لە ئێستادا لە هەولێر بەهای 100 دۆلار دابەزیوە بۆ 142 هەزار و 500 دینار و لە بۆرسەی بەغدا زیاتریش دابەزیوە”.