سەردێر

شەپۆلی لێزمە باران و ڕەشەبا هەرێم دەگرێتەوە و خۆڵبارینی لەگەڵ دەبێت

خەڵك-
بەپێی پێشبینییە كەشناسییەكان، ئەو شەپۆلە بارانەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە بەردەوام دەبێت و سبەینێ‌ ڕەشەبایەكی بەهێز بەشێكی زۆری ناوچەكان دەگرێتەوە و لەهەندێك ناوچە دەگاتە نزیكەی 80 كیلۆمەتر و بەهۆیەوە خۆڵبارین ڕوودەدات.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، تا كاتەكانی سبەی ئێوارە بارانبارین و ھەورە تریشقە بەردەوامی ئەبێت و خێرایی با چالاك ئەبێت لە كاتەكانی بەرەبەیان تا ئێوارە بە شێوەیەك لەناوچە شاخاوییەكانی سنوری پارێزگای ھەولێر و دھۆك و سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین كاریگەری زیاتر ئەبێت؟

ڕاشیگەیاند، ئەگەر ھەیە كاتەكانی سبەی بەھۆی زیادبوونی خێرایی با نیسبەتێكی كەم تۆز و خۆڵ لە ڕۆژئاوای عێراقەوە بگاتە ئاسمانی ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی ھەرێم و لە كاتەكانی ئێوارە كۆتایی بە كاریگەری ئەم شەپۆلە دێت و تەنھا لەناوچە شاخاوییە سنوریەكان بەردەوامی ئەبێت بەلاوازی تا بەرەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە.

لای خۆشیەوە، محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، پێشبینی دەکەین لەکاتەکانی نیوەشەوی ئەمشەوەوە خێرایی بای باشووری ڕۆژئاوا و بای باشووری خۆرهەڵات لەسەرجەم ناوچەکان زیاد بکات بەڕێژەی ٢٠ بـۆ ٢٥ کیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا تا کاتەکانی پێشنوەڕۆی سبەی چوار شەممە و بۆ دوانیوەڕۆ تا ئێوارەکەی چەقی بەهێزی بایەکە دەبێت و لەزۆربەی ناوچەکان لەسەرووی ٤٠ کیلۆمەتر دەبێت.

وتیشی، “چەقی ئەم بایە دەکەوێتە سنوری چۆمان و سۆران، کە ڕێژەکەی لەنێوان ٦٠ بۆ ٨٠ کیلۆمەتر دەبێت و ئەگەری زەرەر و زیانی ماددی هەیە بەتایبەت سنوری چۆمان و باڵەکایەتی”.