سەردێر

لە ڕووداوی هاتووچۆدا 15 كەس بوونە قوربانی

خەڵك-
بەهۆی چەند ڕووداوێكی هاتووچۆوە لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ 15 كەس بریندار بوون و بەرپرسێكی هاتووچۆش هۆكارەكەی بۆ تیژڕەوی و باران و تەڕی ڕێگاوبانەكان دەگێڕێتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی كۆیە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە دوو ڕووداوی جیاوازدا (وەرگەڕان و پێكدادان) 7 ھاووڵاتی برینداربوو، كە ڕووداوێكیان لە كاتژمێر 10:30ی بەیانی بووە لە جۆری وەرگەڕان لە دەشتی كۆیە و بەهۆیەوە شۆفێرێك و سێ سەرنشین برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ڕووداوی دووەمدا، كە پێكدادان بووە لەسەر ڕێگای سماقوڵی لە كاتژمێر 4ی عەسر، دوو شۆفێر و سەرنشینێك بریندار بوون.

ئاشكراشی كردووە، هۆكاری ڕووداوەكان دەگەڕێتەوە بۆ پابەندنەبوون بەخێرایی دیاریكراو و ڕێنماییەكانی ھاتووچۆ و خراپی ڕێگاكان .

ئەمە لەكاتێكدایە، كە پەیامێری (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نزیك خەلەكان لە شارۆچكەی دوكان بەهۆی پێكدادانی دوو ئۆتۆمبێلی پیكاب دەبڵ كابینە و هۆندایەكی ستەیش سێ‌ كەس بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی كراون.

لای خۆشیەوە، فازڵ حاجی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتووچۆی هەولێر بۆ (خەڵك) وتی، ” كاتژمێر 1:40 خوولەكی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر ڕێگای نێوان قەندیل- شەقڵاوە لەسایدی هاتن بەرەو شەقڵاوە تەكسییەكی ساڵۆن وەرگەڕاوە لەپاش خۆكێشانی بەڕاگرەكانی تەنیشتی ڕێگاكەدا”.

ڕاشیگەیاند، هۆكاری ڕووداوەكە دەگەڕێتەوە بۆ تیژڕۆیی و تەڕبوونی ڕووی ڕێگایەكە بەئاوی باراناو، ئەوەش وایكردووە كۆنتڕۆڵی لەدەست بدات.

ئاشكرای كرد، لەئەنجامی ڕووداوەكە بەداخەوە 5 كەس، كە ئەندامانی یەك خێزان بوون و بەمەبەستێ گەشتكردن لە دهۆك-ەوە بۆ شەقڵاوە دەهاتن زامداربوون و زیانێكی زۆری ماددیش بەر ئۆتۆمبێل و ڕێگاوبانەكە كەوت.