سەردێر

نرخی دۆلار و ئاڵتون بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزین

خەڵك-
بەهۆی دژایەتی بەشێكی زۆری پەڕلەمانتاران و كوتلە سیاسییەكانی عیراق بەرامبەر نرخی دۆلار لە بودجەدا و هەروەها ئامادەكردنی پاكێجێكی دیكەی ئابووری لەلایەن ئیدارەی ئەمریكاوە نرخی دۆلار و ئاڵتون ڕوویان لە دابەزین كرد، بەجۆرێك لەدوێنێوە تا ئەمڕۆ هەر 100 دۆلارێك هەزار دینار دابەزیوە.

سەرچاوەیەك لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ نرخی دۆلار دابەزی، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ جارێكی دیكە بەهای دۆلار دابەزیوە و لەكاتی داخستنی بازاڕدا 100 دۆلار بە 144 هەزار و 400 دینار مامەڵەی پێوەكراوە.

ڕاشیگەیاند، لە بۆڕسەی بەغدا زیاتر نرخەكەی دابەزیوە و بووە بە 143 هەزار و 800 دینار و هۆكاری ئەم دابەزینەش دەگەڕێتەوە بۆ ناڕەزایی بەشێكی زۆری حزبەكانی عیراق لەسەر بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار لە بودجەدا و دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجە.

لای خۆشیەوە، دانا وەرتی، خاوەنی زێڕنگەری ئازوورا لە هەولێر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، دوای پاكێجە 1.9 ترلیۆن دۆلارەكەی بایدن بۆ گەشەپێدانی ئابووری و نەهێشتنی بێكاری، لە ئێستادا ئیدارەی ئەمریكا لە هەوڵی ئامادەكردنی پاكێجێكی دیكەی 3 ترلیۆن دۆلاریدایە و ئەوەش كاریگەری لەسەر نرخی زێڕ دروست كردووە.

ڕاشیگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ نرخی یەك ئۆنس زێڕ بە 1738 دۆلار بوو، بەڵام دوانیوەڕۆ بۆ 1730 دۆلار دابەزیوە و بەوەش نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 354 هەزار دینار و عەیارە 18 بە 304 هەزار دینارە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمڕۆ و سبەینێ‌ جیروم پاوڵ، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاری لە سیستمی یەدەگی فیدڕاڵی ئەمریكا وتاری دەبێت و ئەوەش كاریگەری لەسەر نرخی دۆلار و زێڕ دەبێت.