سەردێر

هاتووچۆ هۆكاری وەرگەڕانی تەكسییەك ئاشكرادەكات

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر هۆكاری وەرگەڕانی تەكسییەك لەسەر ڕێگای قەندیل- شەقڵاوە ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، لە ڕووداوەكەدا 5 ئەندامی خێزانێك بریندار بوون.

مقەدەم فازڵ حاجی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتووچۆ هەولێر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، كاتژمێر 1:40 خوولەكی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر ڕێگای نێوان قەندیل- شەقڵاوە لەسایدی هاتن بەرەو شەقڵاوە تەكسییەكی ساڵۆن وەرگەڕاوە لەپاش خۆكێشانی بەڕاگرەكانی تەنیشتی ڕێگاكەدا.

ڕاشیگەیاند، هۆكاری ڕووداوەكە دەگەڕێتەوە بۆ تیژڕۆیی و تەڕبوونی ڕووی ڕێگایەكە بەئاوی باراناو، ئەوەش وایكردووە كۆنتڕۆڵی لەدەست بدات.

ئاشكرای كرد، لەئەنجامی ڕووداوەكە بەداخەوە 5 كەس، كە ئەندامانی یەك خێزان بوون و بەمەبەستێ گەشتكردن لە دهۆك-ەوە بۆ شەقڵاوە دەهاتن زامداربوون و زیانێكی زۆری ماددیش بەر ئۆتۆمبێل و ڕێگاوبانەكە كەوت.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتووچۆ هەولێر داوا لە شۆفێران دەكات، “ئاگاداربن ئێستا، كەبارانی بەلێزمە هەیە تیژڕۆیی نەكەن لەڕێگاوبانەكان تاوەكو لە ڕووداوی نەخوازراو بەدووربن”.