سەردێر

لە خەلەكان پێكدادانی دوو ئۆتۆمبێل 3 قوربانی لێ‌ كەوتەوە

خەڵك-
لە سەر ڕێگای شارەدێی خەلەكان -ی سەر بە شارۆچكەی دوكان (بەرەو كۆیە) ڕووداوێكی هاتووچۆ ڕوویدا و بەهۆیەوە سێ‌ كەس بریندار بوون.

پەیامێری (خەڵك) لە شوێنی ڕووداوەكە ڕایگەیاند، كەمێك لەمەوبەر لە خەلەكان و لەسەر ڕێگای سەرەكی بەرەو كۆیە ڕووداوێكی هاتووچۆ لەجۆری پێكدادان لەنێوان پیكاب دەبڵ كابینەیەك و هۆندایەكی ستەیشن ڕوویدا.

ڕاشیگەیاند، بەهۆی ڕووداوەكەوە 3 كەس لە سەرنشینانی پیكابەكە بریندار بوون و بۆ چارەسەری پزیشكی ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی كراون.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا تیمەكانی هاتووچۆ لە شوێنی ڕووداوەكەن بۆ دیاری كردنی هۆكاری ڕووداوەكە.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە ئەمڕۆ باران بارین ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرۆتەتەوە و بەهۆی تەڕی ڕێگاوبان و تیژەڕوییەوە چەند ڕووداوێكی دیكەی هاتووچۆ ڕوویانداوە، كە یەكێك لە ڕووداوەكان لەسەر ڕێگای قەندیل- شەقڵاوە بووە و بەهۆیەوە 5 كەسی خێزانێك بریندار بوون.