سەردێر

بەمزوانە شاندەكەی هەرێم دەچێتەوە بۆ بەغدا

خەڵك-
وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، شاندەكەی هەرێم بەمزوانە دەگاتەوە بەغدا بۆ درێژەدان بە گفتووگۆكان لەبارەی پشكی هەرێم لە بودجە، ئاماژە بە داڕشتنی ڕێكەوتنێكی نوێش دەكات لەگەڵ بەغدا لە بارەی پرۆژە یاسای بودجە.

ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، میدیاكانی عیراق لە زاری سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڵاویانكردەوە”ئەو داڕشتنە نوێيەی ڕێكەوتنی لەسەر كراوە لەبارەی بودجەوە لەگەڵ بەغدا، دوو پێشنیار لەخۆدەگرێت و هەرێمیش ئامادەیە یەكێك لەو دوو پێشنیارە جێبەجێ‌ بكات كە ڕێكەوتنییان لەسەر كراوە”.

بە وتەی هەورامی”شاندەكەی هەرێم لەم چەند ڕۆژەی داهاتوودا دەگەڕێتەوە بەغدا بۆ درێژەدان بە گفتووگۆكان و جێبەجێكردنی ئەوەی ڕێكەوتنی لەسەر كراوە، لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و لەگەڵ هێزە سیاسییەكان لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا”.

وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڵێت”حكومەتی هەرێم ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێكردنی ئەوەی ڕێكەوتنی لەسەركراوە دەربڕیوە سەبارەت بە پشكی هەرێم لە بودجەدا”.