سەردێر

دوو چەكداری داعش لە هەڵەبجە دەستگیركران

خەڵك-

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەستگیركردنی دوو چەكداری ڕێكخراوی داعش لە هەڵەبجە ڕادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ سێ‌ شەممە، لیوا یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان ڕایگەیاند” لەسەر ڕێنمایی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، دەزگای دژە تیرۆر بەردەوامە لە هەڵمەتەكانی بۆ ڕاوەدونان و دەستگیركردنی پاشماوەی چەكدارانی داعش، لەو چوارچێوەیەدا دەزگای دژە تیرۆر زنجیرەیەك ئۆپراسیۆنی سەركەوتووی ئەنجامداوە كە ژمارەیەك چەكداری سەر بە ڕێكخراوەكە دەستگیركران و دوان لەو چەكدارانەش،لەهەرێمی كوردستان دەستگیركراون”.

بە وتەی لیوا یەحیا ڕەسوڵ”دوای كۆكردنەوەی زانیاریی هەواڵگری لەلایەن دەزگای هەواڵگری دژە تیرۆرەوە، فەوجێكی سلێمانی توانیان، ئەو دوو كەسە لە پارێزگای هەڵەبجە دەستگیربكەن”، وێڕای ئاماژەكردن بە دەستگیركردنی چەند چەكدارێكی تری سەر بە ڕێكخراوەكە كە سەركردەیەكی دەركەوتوویان تێدایە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دەستگیركردنی بەرپرسی كەرتی عوزێمی داعشی ڕاگەیاند كە بە “ئەبو یاسر” ناسراوە.