سەردێر

سبەینێ، تەرمی د.كەمال مەزهەر لە سلێمانی بە خاك دەسپێردرێت

خەڵك-

پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، سبەینێ تەرمی د.كەمال مەزهەر دەگاتەوە سلێمانی.

ڕۆژی 16ی ئەم مانگە، د.كەمال مەزهەر مێژونووسی بەناوبانگی كورد لە تەمەنی 84 ساڵیدا لە وڵاتی ئەڵمانیا كۆچی دواییكرد و بەپێی زانیارییەكان، ئەمشەو تەرمی ناوبراو دەگەڕێنرێتەوە هەرێمی كوردستان و لەشاری سلێمانی بەخاك دەسپێردرێت.

د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، بڕیارە ئەمشەو تەرمی كەسایەتیی ئاكادیمیی و نیشتمانیی كوردستان، د.كەمال مەزهەر بگاتەوە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و پێشوازیی لێبكرێت.
وتیشی”بەیانی ڕۆژی چوار شەممە لە مەراسیمێكی تایبەتدا لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بەشدارانی مەراسیمەكەوە پێشوازیی ڕەسمیی دەكرێت و بەرەو شاری سلێمانی ماڵئاوایی لێدەكرێت”.

ئاشكراشیكرد، لە دەروازەی شاری سلێمانیدا لەلایەن پارێزگاری سلێمانی و ئامادەبووانەوە پێشوازیی لێدەكرێت و بە مەراسیمێكی شایستە بۆ دوائارامگای خۆی لە گردی سەیوان بەڕێدەكرێت.

كەمال مەزهەر ئەحمەد ناسراو بە د.كەمال مەزهەر لە ساڵی 1937 لە ناوچەی ئاغجەلەری سەر بەشاری كەركوك لەدایكبووە، لە ساڵی 1959 لە زانكۆی بەغدا بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لەبواری مێژوو بەدەستهێناوە و پاشان ڕووی لەیەكێتی سۆڤیەت كردووە.