سەردێر

بكوژی بەرازەكە دەستگیرنەكراوە

نوێترین زانیاری لەسەر چۆنێتی سزادانی ئەو كەسەی بەرازەكەی كوشت

 

سلێمانی ـ نزار جەزا

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی نوێترین زانیاری لەبارەی ئەو كەسەی بەرازەكەی كوشت ئاشكراكرد.

لەیەكەم ڕۆژی نەورۆزدا لەكاتی گەشت و سەیراندا لەیەكێك لەسەیرانگاكانی سنووری پارێزگای سلێمانی لەلایەن پیاوێكەوە بەرازێك بەفیشەك كوژرا، ئەمەش دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و داوای بەسزاگەیاندنی بكوژی بەرازەكە كرا.

عەمید هێمن كەمەرخان بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی كۆیانكردووەتەوە، ئەو كەسەی تەقە لەبەرازەكە دەكات، لەگەڵ سێ بۆ چوار خێزان لەسنووری هەولێرەوە بۆ گەشت و سەیران هاتوون.

ئەوەشی خستەڕوو، زانیاری ووردیان كۆكردووەتەوە و بەردەوامیشن لەكۆكردنەوەی زانیاری بۆئەوەی بگەن بەو كەسە و دەستگیریبكەن.

وتیشی”پاشئەوەی ئاگاداركراینەوە لەبوونی ئەو ڕووداوە دەستبەجێ گەیشتینە شوێنی ڕووداوەكە، بەڵام كە زانیبوویان كارەكەیان هەڵەیە و بەدوایاندا دەچین ئەوان لەسەیرانگاكە هەڵاتبوون”.

ئاماژەی بەئەوەشدا، ناسنامەی كەسەكە دیارنییە، بەڵام ووردەكاری زۆریان كۆكردووەتەوە و دادوەریان لێئاگاداركردووەتەوە و بەهیوان بەزووترین كات دەستگیریبكەن”.

ئاشكراشیكرد، هەر ئەو ڕۆژە لەو سەیرانگایە تیمەكانیان ژمارەیەك بەرازیان گەڕاندبووەوە و نەیانهێشتبوو بێنە ناو سەیرانكەرانەوە، بۆئەوەی بەدەردی بەرازەكەی دیكە نەبرێن.

ئەوەشی خستەڕوو، گوندنشینان و جوتیاران دەتوانن ئاژەڵی وەك سەگ بۆ پاراستنی خۆیان و ڕەز و باخ و كێڵگەكەیان بەكاربهێنن، ئەگەریش بەرازەكە كۆنتڕۆڵنەكرا جوتیارەكە دەتوانێت لە كێڵگەكەی خۆی دووریبخاتەوە نەك بیكوژێت.

لەبارەی سزای ئەو كەسەی ڕاوی بەراز دەكات ناوبراو باسی لەئەوەكرد، بە بڕی 500هەزار دینار غەرامە دەكرێت، دواتریش كەسەكە دەستگیردەكرێت و دەدرێتە دادگا و دادوەر بڕیادەدا چ سزایەكی دیكەی وەك بەندكردن دەدرێت.

ناوبراو دەشڵێت: ئەو كەسە لەناو خەڵكدا كە بۆ گەشت چوون تەقە دەكات، كە لەوانەیە بەهۆیەوە كەسێك بمردایە. زۆر بێویژدانانە بەرازەكە دەكوژێت. ئەو ئاژەڵەخۆی نەوسنە حەزدەكات لەپاشماوەی خواردنی ئەو گەشتیارانە بخوات، بەڵام ئەمە مانای ئەوەنیە بیكوژیت. ئەم بەرازە دیارە لەڤیدیۆكەدا كە ترساوەو دەیەوێت بە دۆڵەكەدا هەڵگەڕێ و خۆی ڕزگاربكات، بەڵام ئەو كەسە دوایكەوتووە و بێویژدانانە دەیكوژێت.