سەردێر

“بەرزی بەهای دۆلار سوودەكانی زۆرترن لە زیان”

خەڵك
پسپۆرێكی دارایی و ژمێریاری دەڵێت بەرزی ئاستی بەهای دلار دەبێتە هۆی زیادكردنی داهاتی حكومەتی عێراقی و ڕەخساندنی هەلیكار.

نەبەرد كەریم،مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی دارایی و ژمێریاری بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، بەرزی ئاستی بەهای دۆلار ئەوەندەی سوودی هەیە ئەوەندە زیانی نییە ، چونكە هۆكارێكی باشە بۆ ئەوەی داهاتی حكومەتی عێراقی زیاد بكات.

“داهاتی حكومەتی عێراق بۆهەر مانگێك 4 بۆ 5 ملیار دۆلار زیادیكردووە”

دەشڵێت، ئەنجامی بەرزیی بەهای دۆلار ئەوەبوو گەیشت بەو ڕێژەیەی كە خوودی سەرۆكوەزیرانی حكومەتی عێراقی ئاماژەی بەوەكرد كە لە ماوەی ڕابردوو  داهاتی حكومەتی عێراقی بۆهەر مانگێك 4 بۆ 5 ملیار دۆلار  زیادیكردووە جگە لەوەش دەبێتە هۆكارێك بۆئەوەیكە حكومەت ، پشت بە هەناردە كردن ببەستێ‌ و ئەمەش دەبێتە هۆكاری زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆ و ڕەخساندنی هەلیكار لە چەندین ئاستی جیاواز.

ئاماژەی بەوەشكرد، زیانەكانی بەرزی بەهای دۆلار بۆ هاووڵاتیان كورت مەودایە و پێشتر ڕانەهاتبوون و ئێستا لۆدێك لەسەر هاووڵاتیانە كە ئەوە كاتییە و پاش چەند ساڵێكی دیكە ڕادێن لەگەڵ ئەم دۆخە و سودەكان لە دوور مەودادا دەگات بە هاووڵاتیان.

“هۆكاری بەرزی دۆلار ڕەهەندێكی نێودەوڵەتی هەیە”

ئاماژەی بەوەشكرد، هۆكاری بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەتەنها حكومەتی عێراقی نییەو ڕەهەندێكی نێودەوڵەتیشی هەیە، بەتایبەت ئەمریكا كە بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدا نییە بەهای دراوەكەی بەو جۆرە دابەزێت.

دەشڵێت، بەپێی داتاكان ڕۆژانە نزیكەی 165 بۆ 170 ملیۆن دۆلار چووە بۆڕێكخراوە نایاساییەكان، لە 18 ساڵی ڕابردوو حكومەتی عێراق تەنها پشتی بە هاوردەكردن بەستووە بۆیە لەسەرجەم سێكتەرەكاندا پێویستی بەهاوردەكردنەو ئەمەش هەڵاوسانی نرخ دروستەكات، چونكە ئەو كاڵایانەی لە دەرەوە دەهێنرێن سەرجەمیان بە دۆلار مامەڵەیان لەگەڵدەكرێت بۆیە بەنرخێكی زۆرتر لەسەر هاووڵاتیان دەكەوێت و زیانی زۆریان پێدەگات.

لەلایەكی دیكەوە عەبدولهادی سەعداوی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەوەی وتووە، ” دەكرێ بە ڕاوێژ لەگەڵ بانكی ناوەندیی عێراق، نرخی دۆلار بەرامبەر 130 هەزار دیناری عێراقی جێگیر بكرێت و ئەو نرخە گونجاوە بۆ عێراق”.

سەبارەت بەو وتانەی ئەو پەرلەمانتارە، نەبەرد كەریم پسپۆڕی دارایی و ژمێریاری دەڵێت، ئەگەر حكومەتی عێراقی سێكتەرەكانی تر ببوژێنێتەوە و لە دەوڵەتێكی هاوردەكەرەوە ببێت بە هەناردەكەر ئەوە شتێكی زۆر باش دەبێت و هەم هاوڵاتیان سود مەند دەبن و هەم حكومەتیش ئەو سوودەی پێشتر كردوێتی كەم نابێتەوە.

وتیشی پێشبینی دەكەم بەهای دۆلار لەم ئاستەی ئێستادا جێگیر بكرێت بەو پێیەی كە بانكی ناوەندی سەربەخۆیە و لە ژێر هەژموونی هیچ لایەنێكدا نییە، بەڵام بڕیارەكان لە عێراق هەم حكومەت هەم پەرلەمان زۆر كتوپڕن و گۆڕانیان بەسەردا دێت.