سەردێر

فازیل نەبی: حكومەت دەتوانێت بەبێ لێبڕین مووچە دابەش بكات

خەڵك-

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی عیراقی ڕایدەگەیەنێت، بابەتی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا ڕێككەوتنێكی كۆتایی نەبوو، بەڵام هەندێك برادەر والێكیان دابوویەوە، چونكە شیعەكان بەڕاستی ئەو وەرەقەی پێشكەشیان كرد لەلای ئەوان وەرەقەیەكی تەواوكراو بوو لەوانەیە یەك دوو خاڵیان باس نەكردبێت.

د.فازڵ نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی عیراقی فیدراڵ بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، بەهۆی نەبوونی متمانە لەنێوان هەرێم و بەغدا، تاكو هەرێم ئەركەكانی خۆی جێبەجێ نەكات، بەغداش پارە نانێرێت.

وتیشی”كۆی ڕێككەوتنەكە تۆزێك خاڵی ئاڵۆز و ناڕوونی تێدایە، لەبەرئەوەی زۆر لەشتەكان دیاری نەكراوە، دەكرێت لەداهاتوودا كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكات، هەرێمی كوردستان لەبەر ئەو ترسە لەوانەیە ڕێككەوتنی لەسەر ئەو خاڵانە نەكردووە لەكۆی گشتی ڕێككەوتنەكە پێشبینی دەكەم هەفتەیەك لەبەردەستدایە كەوەفدی هەرێمی كوردستان گەڕانەوە دەكرێت لەو ماوەیەی هەفتەیەدا لەنێوان خۆیاندا گفتوگۆی بابەتەكە بكەن و كۆمەڵێك خاڵی باشتر گەڵاڵە بكەن بۆئەوەی گەڕانەوە بەغدا بگەنە ڕێككەوتنێكی باش”.

ئاشكراشیكرد، بەغدا ئیستغلالی بارودۆخی هەرێمی كوردستانی كردووە، بەداخەوە لەهەرێمی كوردستان حیزبەسیاسیەكان یەك دەست نین و یەك دەنگ نین، ڕاستە لەبەغدا یەك دەنگن كوتلەكان، بەڵام لەناو هەرێمی كوردستان تۆزێك گرفتمان هەیە دەبێت ئەو گرفتە چارەسەر بكرێت.

جەختی لەوەش كردەوە، كوتلە شیعەكان دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی كوردستان بچووك بكەنەوە ئەو بابەتە لایەنی سیاسی زۆر تێدایە ڕاستە لایەنی ئابوریشی تێدایە، بەڵام لایەنە سیاسیەكە سەركەوتووە بەسەر لایەنە ئابورییەكە.

سەبارەت بە ڕێكەوتنی هەرێم و بەغدا فازیل نەبی ڕایگەیاند، ڕێككەوتن زەحمەتە، بەڵام هیچ شتێكیش نییە لەدنیادا كەنەبێت، بائێمە گەشبین بین، بەڵام ئیشەكە ئیشێكی زەحمەتە و بەڕاستی ئاسان نییە، بەڵام موستەحیلیش نییە.

لە ئەگەری ڕێكنەكەوتنی هەرێم و بەغدا ناوبراو دەڵێت”هەرێمی كوردستان ئەگەر لەگەڵ بەغدا نەگەیشتە ڕێككەوتن، هەموو كەس باسی چاكسازی دەكات دەبێت چاكسازییەكی تەواو لەهەموو بوارەكان بكات، ئەگەر نرخی نەوتیش بەوشێوەیە بەرز بێت بەبۆچونی من ئەگەر لە 65 دۆلار نەیەتە خواروە حكومەتی هەرێم بەتەواوەتی هەموو چاكسازییەكانی كەپێویستە بیكات بەتەواوەتی دەتوانێت پشت ببەستێت بەداهاتەكانی خۆی و مووچەی خەڵك بدات و كۆمەڵێك پڕۆژەش لەهەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات.

ئاشكراشیكرد، هەرێمی كوردستان بەبێ لێبڕین دەتوانێت مووچەی خەڵك بدات، بەدوو مەرج ئەگەر هاتوو ئەو چاكسازیانەی كە باسی دەكەن بەتەواوەتی جێبەجێیان بكات و نرخی نەوتیش لە 65 دۆلار نەیەتە خوارە.