سەردێر

لیژنەی ئابوری: هەرێم هیچ گرەنتییەك نادات

خەڵك-
لیژنەی ئابوری لە پەرلەمانی عیراق، ئاماژە بەو ئاستەنگانە دەكات كە هاتوونەتە ڕێی دانوستانەكانی نێوان بەغدا و هەولێر و دەڵێت، هەرێم سورە لەسەر ئەوەی هیچ گرەنتییەك نەدات، ڕەتیشیدەكاتەوە كە هیچ ڕێكەوتنێك ناكرێت لەڕێی داگرتنی بڕگەی پابەندكردنی هەولێرەوە نەبێت بەو داهاتانەی بۆی دیاریی كراوە.

مازن فەیلی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”تەنگژەكانی هەرێمی كوردستان زۆرن لە بودجەدا و ناكرێت هەروا بە ئاسانی چارەسەر بكرێن، جگە لەڕێی واژۆكردنی هێزە كوردییەكانەوە نەبێت بە ڕێكەوتنێك كە پابەندییان بەكات بە جێبەجێكردنی ڕێكەوتنی نەوتی، بەبێ‌ ئەوەی پچڕانی تێبكەوێت”.

بە وتەی فەیلی”هەرێم بە جیا لە بەغدا نەوت دەفرۆشێت بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەكەی لە بازاڕەكان و لە هەمان كاتدا حكومەت پابەند دەكات بە پێدانی پشكی خۆی لە بودجەدا وەك چۆن لە ساڵانی ڕابردوودا كراوە، ئەمەش كارێكی نەشیاوە”.

ئەندامەكەی لیژنەی ئابوری پەرلەمانی عیراق دەڵێت”دەركەوتووترین كێشە لە تێپەڕاندنی بودجە، خۆی لە پێكهاتن لەسەر دابەزاندنی نرخی دۆلار و كەمكردنەوەی خەرجییەكان و بەرزكردنەوەی نرخی خەمڵێنراوی نەوتدا دەبینێتەوە”.