سەردێر

لە یەكەم ڕۆژی نەورۆز 25 كەس ڕەوانەی نەخۆشخانە كران

خەڵك
لە یەكەم ڕۆژی نەورۆز لە سلێمانی، 25 كەس ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون و 150 كەسیش لە سەیرانگاكان چارەسەری پێویستیان بۆكراوە.

سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاگوزاری سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە یەكەم ڕۆژی نەورۆز 25 كەس ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون و 150 كەسیش لە شوێنی خۆیان لە سەیرانگاكان چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە.
وتیشی، ئەوانەی ڕوویان لە نەخشخانەكان كردووە بە هۆكاری
ڕووداوی هاتوچۆ، شەڕە چەقۆ، كەوتنە خوارەوە، بورانەوە، جەڵتە بووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، 150 كەسی دیكەش لە سەیرانگاكان لە رێگەی ئەمبوڵانسەكانەوە چارەسەری پێویستیان بۆ كراوە لە شوێنەكانی قەرەداغ و دووكان و چاڤیلاند ‌و گردی مامەیارەو بناری گۆیژە.

وتیشی، سەرجەمیان چارەسەری پێویستیان بۆ كراوەو باری تەندروستیان جێگیرە و حاڵەتێكی گیان لەدەستدانیش تۆماركرا ئەویش ئەو گەنجەبوو كە كەوتەناو ڕووباری دووكانەوەو تائێستاش تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە تیمەكان بەدوایدا دەگەڕێن.

ئاماژەی بەوەشكرد، سەرجەم پێداویستییە سەرەتاییەكان لە سەنتەری فریاگوزاری سلێمانی بەردەستەو هەر حاڵەتێكیش لە كۆنتڕۆڵی ئێمەدا نەبێت بە ئەمبوڵانس ڕەوانەی نەخۆشخانەی شار یاخود فریاكەتنی سلێمانی دەكرێت.