سەردێر

لە ئەوروپاش فشار بۆ ئیخوان دەهێندرێت

خەڵك-

گرووپی ئیخوان موسلیمین لە هەوڵەكانی بۆ خۆ رێكخستنەوەی لە شار و پایتەختە ئەوروپاییەكان شكست دەهێنێت.

چاودێران دەڵێن ئەوروپاییەكان رێ نادەن بە بوونی ئیخوان و كیانەكانی نزیك لە ئەو وەك بەشێك لە ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لە دیارترینیان فەرەنسا و نەمسا، دوای هێرشە تیرۆرستییەكان و تاوانباركردنی ژمارەیەك كەس و دامەزراوەی پەیوەندیدار بە ئیخوانەوە.

سەرۆكی نێوەندی ئەوروپایی بۆ توێژینەوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەواڵگری جاسم محەمەد دەڵێت: دەوڵەتانی ئەوروپایی رێ نادەن بە زیاتری تیرۆر لە رێگای بوون و گەشەی رێكخراوە توندڕۆكانەوە لەسەر خاكەكەیان، رێش نادەن بە بوونی كیان و گرووپی پشتیوانی توندڕۆكان.

ئاماژەی بەوەشكرد ئەوروپاییەكان لە ئەم دۆسێیەدا لەگەڵ كێشەیەكدا بەرەوڕووبوون لە ساڵانی رابردوودا، گرووپی ئیخوان دانەنراوە لە لیستی تیرۆردا وەك داعش و قاعیدە، لە حاڵێكدا دەزگا هەواڵگرییەكان زۆر مەترسیدارتر سەیریان كردووە لە داعش و قاعیدە، بەڵام تا ئێستا ئەوروپاییەكان چاودێری ئەم دۆسێیە دەكەن لە نزیكەوە بۆ گرتنەبەری بڕیاری پێویست.

لە بارەی دواكەوتنی بڕیاری ئەوروپاییەكان سەرباری راپۆرتی ئەمنی و هەواڵگری بە دەست هەبوونی ئیخوان لە توندوتیژیدا، محەمەد جاسم بۆ سكای نیوز دەڵێت: كێشەیەك بەرەوڕووی دەزگا هەواڵگرییەكان و حكومەتەكان بووەتەوە لە ریزبەندی ئیخوان وەك گرووپێكی تیرۆرستی، چونكە ئەو لایەن و كەسانە لە ژێر ناوی ئیخواندا كارناكەن، بەڵكو لە ژێر ناوی هەندێك دامەزراوەدا بەپێی یاسا كار دەكەن، ئەمە كێشەیەكە رووبەڕووی حكومەتەكان بووەتەوە، بۆیە كێشە سەلماندنی پەیوەندی نێوان ئیخوان و ئەو دامەزراوانەیە، لە حاڵی چەسپاندنیدا بە پەلە ئەم دامەزراوانە قەدەغە دەكرێن.

سەرۆكی نێوەندی ئەوروپایی دەڵێت: گرووپی ئیخوان بە قەیرانێكی گەورەدا تێپەڕ دەبن، بەهۆی بەرتەسككردنەوەی چالاكییەكانیان لەنێو ئەوروپا دوای توندوتیژییەكان و گرتنەبەری بڕیار لە دژیان لە هەندێك وڵات، لە دیارترینیان چاودێری چالاكی رێكخراوەكە و دامەزراوەكانی، راگرتنی پشتیوانی دارایی لە دەرەوە، دروستكردنی دامەزراوەی نوێ و داوای روونكردنەوە و ئاشكراكردنی چالاكییەكانیان.

جاسم ممەمەد دەڵێت: ئەوروپا هۆشیار بووەتەوە لە مەترسییەكانی ئیخوان لە 2014وە هاوكات لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ئەندامانی ئیخوان لە ئەوروپا دوای رووخانی گرووپەكە لە حكومەتەكانی ناوچەی عەرەبی و زیادبوونی توندوتیژیی و توندڕۆیی لە ئەو وڵاتانە.

ئاماژەی بەوەشكرد ژمارەیەك وڵاتی ئەوروپایی لەوانە فەرەنسا و نەمسا بڕیاری توند دەدەن دژی دۆسێی تیرۆر لەگەڵ بوونی ئیخوان لەسەر خاكەكەیان، لە ئایندەدا رەوشی ئیخوان زیاتر تێكدەچێت پەناگەیەك نامێنێتەوە بۆیان.

لای خۆیەوە هانی عەبدوڵڵا نوسەری میسری ئاماژە بەوە دەكات، ئیخوان بەردەوام خۆی دەگۆڕێت لە پێناو مانەوەیدا، قەوقاز، باكوری ئاسیا، نێوەڕاست و باشوری خۆرهەڵاتی ئەوروپا بوونە دایەنگەی ئیخوان لە بری بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئەمریكا، كە لەوێ بواریان بەر تەسك بووەتەوە.

ئاشكراشیكرد یەكێتی رێكخراوە ئیسلامییەكان لە برۆكسێل بەهێزترین لایەنی ئیخوانە لە ئەوروپا كە لە كۆتایی 2020 دامەزرێنراوە لە نێوەڕاست و خۆرهەڵاتی ئەوروپا وەك رێوشوێنێكی سەرەتایی بۆ لادانی ئیخوان لەهەر هەنگاوێك.

راشیگەیاند، لەندەن كە پێشتر ببووە شوێنی بارەگای سەرەكی ئیخوان لەمەودوا رێوشوێنی توندتر دەگرێتەبەر دژی ئیخوان دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتی ئەمنی و هەواڵگری لەسەر هۆشداریدان لە بوونی گرووپەكە لەنێو كۆمەڵگەی بەریتانیاییدا و پیشبینی زیادبوونی توندوتیژییەكان.

ئەمە لە كاتێكدایە بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان دوای گرتنەبەری هەنگاوی دژایەتی ئیخوان لەلایەن حكومەتی ئەنقەرەوە دوای دەستپێكردنی گفتووگۆكانی ئەنقەرە و قاهیرە، ئێستا ئیخوان بە دوای شوێنێكی نوێ دەگەڕێت، ئەو شوێنەش كە باسدەكرێت بریتییە لە كەنەدا.