سەردێر

“پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن”

خەڵك- ئارام سەردار
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر دەڵێت، داوا لە هاووڵاتیان دەكەین پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەكان بن و قەرەباڵغی دروست نەكەن.

سامان سەلمان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، پاڵپشت بەبڕیارەكانی لیژنەی زانستی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا پێویستە پابەندی ڕێكار و ڕێنماییە تەندروستییەكان بن.

دەشڵێت، خۆپارێزی باشترین كارە هاووڵاتی ئەنجامی بدات، بۆ ئەوەی چیتر ئازیزانمان لەدەست نەدەین و ژمارەی تووشبووان كە ئێستا زیاتر بووە كەم ببێتەوە، بەتایبەت هاووڵاتیان لەگەشت و سەیرانەكان لەدووری یەكتر دابنیشن.

ئەوەشی خستەڕوو، زۆرێك لەنەخۆشخانەكان كە پێشتر چارەسەری كۆرۆنای تێدابوو گەڕاونەوتەوە باری ئاسایی و چارەسەری نەخۆشی جۆراوجۆر دەكرێت، ئامادەكاریش كراوە بۆ ئەگەری زۆربوونی ژمارەی تووشبووان، بەتایبەت داوا لەدایك و باوكان دەكەین منداڵەكان ڕابهێنن لەبەستنی دەمامك و شووشتنی دەستەكان.

دەشڵێت، چاوەڕوانی كۆبوونەوەی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا دەكەین، هەر بڕیارێكیش بدرێت ئێمە پابەند دەبین.