سەردێر

پێشمەرگە دەچنە نێو شارێكی رۆژهەڵاتەوە

خەڵك-

بەپێی تۆمارێكی ڤیدیۆیی هێزێكی پێشمەرگەی لایەنە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران دەچنە نێو شاری شنۆی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە.

بەپێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییە، گرووپێك پێشمەرگە چوونە نێو شاری شنۆی رۆژهەڵاتی كوردستان و لەسەر شەقامەكانی ئەو شارە بڵاوەیان كردووە.

پێشمەرگەكان لەلایەن كۆمەڵێك هاووڵاتییەوە پێشوازیان لێ دەكرێت و خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن بە بۆنەی چوونی ئەو پێشمەرگانە.

بەپێی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییە، ئەو پێشمەرگانە سەر بە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانن.

حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە فەڕمی هیچ رونكردنەوەیەكی لەسەر چوونی ئەو گرووپە پێشمەرگەیە بۆ شاری شنۆ نەداوە.

ئەو حزبە چەند ساڵێكە پرۆسەی راسانی دەستپێكردووە، چالاكی سەربازی لە دژی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر ناوچە سنورییەكان و هەندێك جاریش لەنێوخۆی رۆژهەڵاتی كوردستان ئەنجام دەدات.

حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بارەگای سەرەكی لە شاری كۆیەی باشوری كوردستانە و هێزە سەربازییەكانیشی لە ناوچە سنورییەكانن.

حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ساڵی 1945 دامەزرێنراوە بە رێبەرایەتی قازی محەمەد.

بە رێبەرایەتی قازی محەمەد و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە ساڵی 1946 كۆماری كوردستان لە مەهاباد پێكهات.