سەردێر

سەركردەكانی ئیخوان لە توركیا هەڵدێن

مەترسی هەیە ئەنقەرە سەركردەكانی ئیخوان رادەستی میسر بكاتەوە

خەڵك-

دوای گۆڕانكارییەكان و هەنگاوەكانی حكومەتی توركیا بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لەوانە میسر و سعودیە و ئیمارات و دەستپێكردنی هەنگاوەكانی ئەنقەرە دژی ئەم رێكخراوە ئیسلامییە توندڕۆیە، سەركردەكانی ئیخوان ئامادەكاری دەكەن بۆ جێهێشتنی توركیا.

عیماد ئەبوو هاشم لایەنگری ئیخوان بۆ كەناڵی سكای نیوز دەڵێت سەركردەكانی گرووپی ئیخوان موسلیمین ئامادەكاری دەكەن بۆ هەڵهاتن لە توركیا بۆ دەرەوە كە رەنگە روو لە بەریتانیا یان كەنەدا بكەن ئەم دوو وڵاتە بۆ ئەوان دڵنیا و سەلامەتن.

ئاماژەی بەئەوەشكرد گۆڕانكاری لە ناوچەكەدا دروستبووە، بەرژەوەندی توركیا نزیكی كردووەتەوە لە كەنداو و وڵاتانی ناوچەكە.

راشیگەیاند سەركردەكانی ئیخوان بیریان لەوە كردووەتەوە لە روودانی ئەم ئاراستەیە لە پێشوودا بە روودانی گۆڕانكاری لە ناوچەكە و هەڵگەڕانەوەی توركیا.

رونیشیكردەوە ئەم گۆڕانكارییە گوتاری سیستمی سیاسی توركیای گۆڕی، بووەهۆی گۆڕینی ئاراستەی دەزگە مێدیاییەكانی نێو توركیاش كە ئیخوان بەڕێوەیان دەبەن.

لای خۆییەوە نوسەری میسری سەعید شەعیب دەڵێت گرووپی ئیخوان لە كەنەدا بە بەرفراوانی هەن، ئەوان تەنها لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەوروپا و ئاسیادا نین.
توركیا دوای دەستپێكردنی گفتوگۆكان لەگەڵ میسر بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان، بڕیاری داخستنی ئەو كەناڵانەی ئیخوانی دا كە لە توركیاوە دژی میسر پەخشی بەرنامەكانیان دەكرد.

هاوكات مەترسی ئەوەش هەیە ئەنقەرە سەركردەكانی ئیخوان رادەستی حكومەتی قاهیرە بكاتەوە، كە بەپێی هەندێك سەرچاوەی رۆژنامەوانی، ئەوە داواكاری و مەرجی قاهیرەیە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەنقەرە.

لە 2013 دوای رووخانی حكومەتە یەك ساڵییەكەی ئیخوان لە میسر، ئەنقەرە باوەشی بۆ ئیخوانەكان كردەوە بەخۆیان و كەناڵە میدیایەكانیانەوە، بۆیە گرژی كەوتە نێوان هەردوو دەوڵەت كە ماوەی هەشت ساڵە بەردەوامە.

دوای رووخانی رژێمەكەی حوسنی موبارەك لە 2011 لە یەكەم هەڵبژاردنی 2012دا هەڵبژاردن سازكرا گروپی ئیخوان بردیەوە محەمەد مورسی بووە سەرۆكی میسر.

دوای ساڵێك ناڕەزایەتی جەماوەری دژی حكومی ئیخوانەكان سەری هەڵدا، عەبدولفەتاح سیسی وەزیری بەرگری ئەو كات كۆدێتایەكی سازكرد، حكومەتی ئیخوانەكانی روخاند.

سیسی سەرۆكی نوێی میسر كۆتایی بە حكوم و هەموو چالاكییەكی سیاسی و میدیایی و جەماوەری ئیخوان هێنا و سەرجەم سەركردەكانی خستنە زیندانەوە بەشێكیان لە زیندان كۆچی دواییان كرد لەوانە محەمەد مورسی سەرۆكی پێشووی میسر و سەركردەی ئیخوان.
بەرای چاودێرانی سیاسی، شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی هەلێكی بۆ هاتنەپێشەوەی ئیخوان رەخساند، بەڵام بەهۆی توندڕۆیی لە بیركردنەوەكانیان و نەگونجانیان لەگەڵ كۆمەڵگەی ئەو وڵاتانەدا ئەو هەلەیان لە دەستدا.

هەندێك چاودێر دەڵێن دوای نزیكەی 100 ساڵ تێكۆشانی ئیخوان، تەنها ساڵێك توانیان حكوم لە میسر بكەن كە نەیانتوانی هیچ لە ژیانی میسرییەكان بگۆڕن جگە لە دروستكردنی فشار لەسەر هونەرمەندان و دابونەریتی رەسەنی میسری.