سەردێر

ڕێوڕەسمەكانی نەورۆز لە كوردستانی گەورە دەستیپێكرد

خەڵك-

ئەمڕۆ 21ی ئاداری 2021 رێوڕەسمەكانی جەژنی نەورۆز لە سەرانسەری كوردستانی گەورە دەستیپێكرد.

لە شاری ئامەدی باكوری كوردستان، رێوڕەسمە بەنێوبانگەكەی نەورۆز، نەورۆزی ملیۆنی بە ئامادەبوونی هەزاران كەس دەستیپێكرد، دەیان چالاكی لەو رێوڕەسمەدا پێشكەش دەكرێن.

هەر لە باكوری كوردستان بە ئامادەبوونی هەزاران كەس لە شارەكانی وان، شرنەخ، رەحا، ئیلیخ، نسێبین رێوڕەسمەكانی نەورۆز بەڕێوەدەچن.

دەچینە رۆژئاوای كوردستان، لەوێ لە شارەكانی كۆبانێ، قامیشلۆ، حەسەكە، شەهبا بە بەشداری هەزاران كەس رێوڕەسمەكانی نەورۆز دەستیپێكردەوە.

لە باشوری كوردستان رێوڕەسمی بەنێوبانگی نەورۆز بە بەشداری سەدان كەس لە بناری قەندیل بە بەشداری چەندین هونەرمەند بەڕێوەدەچێت، لەوانە هونەرمەندی گەورەی كورد ناسری ڕەزازی.

هەر لە باشوری كوردستان ئەمڕۆ بەبۆنەی نەورۆزەوە بە هەزاران كەس روویان لە چیا و دۆڵ و دەشتەكانی كوردستانی رەنگین كردووە بۆ سەیران و گەشت و بەڕێكردنی كاتێكی خۆش.

هاوكات ژمارەیەكی زۆری گەشتیار لە نێوەڕاست و باشوری عێراقەوە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە بەشداری رێوڕەسمەكانی نەورۆز دەكەن.

لە رۆژهەڵاتی كوردستان هاوشێوەی باشوری كوردستان هاووڵاتیان چوونە دەرەوە، لە چیا و دەشت و دۆڵەكان رێوڕەسمی تایبەت بە نەورۆز رێك دەخەن.

نەورۆزی ئەمساڵ گەرموگوڕییەكی زۆری پێوە دیارە بەهۆی ئەوەی ساڵی رابردوو بەهۆی پەتای كۆرۆناوە رێوڕەسمی نەورۆز نەكرا.