سەردێر

داوا لە هاووڵاتیان و گەشتیاران دەكرێت ژینگە بپارێزن

خەڵك- ئارام سەردار

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هۆشیاری ژینگه داوا لە هاووڵاتیان و گەشتیاران دەكات لە وەرزی بەهار و گەشت و سەیراندا ژینگە بپارێزن و بە خۆڵ و خاشاك و دوكەڵی ئۆتۆمبێل ژینگە پیس نەكەن.

لوقمان شێروانی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و هۆشیاری ژینگه بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، پێویستە هەموو ڕۆژەكانی ساڵ ژینگە پارێزبین، بەڵام بەداخەوە بەپێی ڕاپۆرتەكانی پێمان دەگاتەوە بەتایبەت لەوەرزی بەهار پابەندی ژینگە پارێزی نابن، بەهۆی جەنجاڵ بوونی ئۆتۆمبێل لەشەقامەكان.

دەشڵێت: “داوا لەهاووڵاتیان دەكەین كاتێك گەشت دەكەن گەر تووشی خنكانی شەقامەكان بوون و ماوەی زۆری دەویست تا جولە دەكەن ئۆتۆمبێلەكانیان بكوژێننەوە، پاشماوە خۆراكیەكانیش لەشوێنی گەشتەكە جێ نەهێڵن، چونكە بەهۆی جێهێشتنی ئاژەڵی كێوی و ماڵی دەیخۆن، كە هەندێكیان ماددەی پلاستیكیان تێدایە ئەمەش بۆ ئاژەڵان خراپە و هەوڵیش بدەن كەل و پەلی سەفەری جێ نەهێڵن”.

ئەوەشی خستەروو، دەسەڵاتمان هەیە ئەوانەی ژینگە ناپارێزن سزا بدرێن بەتایبەت ژمارەكانیان تۆمار بكرێت، بەڵام نامانەوێت هاووڵاتی لەگەشتەكان سزابدرێن.

جەختیشی كردەوە، بەجێهێشتنی پاشماوەكان زیانی تەندروستی بۆ خۆشمان دەبێت، جگە لەوەی ژینگە پیس دەبێت، ژینگەش موڵكی هیچ حزب و لایەنێك نیە، ئومێد دەكەین هاووڵاتیان دار و درەخت نەبڕینەوە و ئاگر لەبنی نەكەنەوە.