سەردێر

چەند ڕێنماییەك بۆ ئەوەی سەیرانێكی سەلامەت ئەنجام بدەیت

خەڵك-ئارام سەردار

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، بۆ ئەوەی وەك هاووڵاتی گەشتێكی سەلامەت خۆش ئەنجام بدەی پێویستە پابەندی چەند ڕێنماییەك بیت.

سەركەوت كاڕەش، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی هەولێر بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەپێناوی سەلامەتی خۆت و ماڵەوەشت پێویستە بەرلەدەرچوونت بۆ گەشت و لەڕووداوی ناخۆش و مەترسیدار بەدووربن، هەموو ئامێرە كارەباییەكانی ماڵ بكوژێننەوە، چونكە ساڵانە بەهۆی جێهێشتنی ئامێری كارەبایی ئاگر لەماڵان كەوتۆتەوە، ئۆتۆمبێلیش بەپێی ڕێنماییەكانی هاتووچۆ بەكاربێنن، چونكە قەرەباڵغی زۆر لەسەر شەقامەكان هەیە.

دەشڵێت: “لەشوێنی گەشتەكەت لەكاتی كردنەوەی هەر ئاگرێك دواتر دڵنیابە لەكوژاندنەوەی سەرچاوەی ئاگرەكە، چونكە ئاگركەوتنەوە دەبێتە هۆكاری سوتانی دار و درەخت، ئاگاداری منداڵان و هەرزەكارانیش بن لەم شوێنانەی ئاوی لێیە، بەتایبەت شوێنێك شارەزا نەبن مەلەوانی نەكەن”.

ئەوەشی خستەڕوو، لەم شوێنانەی هێمای مین و تەقەمەنی لێیە نزیك مەكەونەوە، لەكۆتاییشدا دڵنیابن لە ئۆتۆمبێڵ و كەل و پەلەكانتان زیندەوەری زیان بەخش نەچوبێتە ناویان، دوریش بكەونەوە لەبەركارهێنانی مادووە كحولیەكان.

سەركەوت كاڕەش ڕێنمایی هاووڵاتیان دەكات، “بۆ هەر ڕووداوێك پەیوەندی بكەن بە ١١٥ تیمەكانمان دێن بۆ دوورخستنەوەتان لەمەترسی”.