سەردێر

كێ‌ بووە هۆی تێكدانی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و عیراق؟

خەڵك-
هەرچەندە ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و عیراق لەسەر دۆسیەی نەوت و پشكی بودجە ڕاگەیەنرا و دواین ڕەشنووسی كۆتایی ئامادەكرا بۆ دەنگدان لەسەری لەناو پەڕلەمان، بەڵام كاتێكی زۆری نەبرد و ئەو ڕێككەوتنە لەباربرا و ئاستەنگی بۆ دروست كرا بە زیادكردنی بڕگەیەكی دیكە، كە جێگەی قبوڵی كورد نەبوو، سەرۆكی بەرەی توركمانیش دەڵێت: “ئێمە داوامان كرد هەرێم هەموو نەوتەكەی ڕادەست بكات و لەبەرامبەردا تێچووی كۆمپانیاكان و بەكارهێنانی ناوخۆیی پێ‌ بدرێتەوە”.

شەوی ڕابردوو (هەینی لەسەر شەممە) ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و عیراق بووە جێگگەی باسی میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بڕیار درا هەرێم 460 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بدات بە عیراق و لە بەرامبەردا تێچووی كۆمپانیاكان و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و كارەبای پێ‌ بدرێتەوە و ئەوەی دەمێنێتەوە 250 هەزرا بەرمیلە و ڕادەستی سۆمۆ بكرێت و هەرێمیش پشكی تەواوی خۆی لە بودجەی بەكاربردن وەبەرهێنان وەربگرێت.

دوای چاوەڕوانییەكی زۆر، هاووڵاتیانی هەرێم گەشبینییان بۆ دروست بوو بە ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا و ڕەواندنەوەی ناكۆكییەكان و ترسی نەبوونی بودجە و دواكەوتن و بڕینی مووچە، تا دواین ساتەكان لە لیژنەی دارایی پەڕلەمان دەنگ لەسەر پێشنیارەكە درا و پەسەند كرا و دوای چاپكردنەوەی ئامادەكرا بۆ دەنگدان لەڕۆژی شەممە، بەڵام جارێكی دیكە ناكۆكی نێوان شیعە و سوننە دەنگدانی لەسەر یاساكە دواخست بۆ دوانیوەڕۆ، دواتریش شیعەكان بڕگەیەكی دیكەیان بۆ پابەندییەكانی هەرێم زیاد كرد و بەوەش ڕێككەوتنەكە كێشەی تێكەوت و كۆبوونەوەی پەڕلەمان بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) كە لە سەرچاوەیەكی پەڕلەمانییەوە دەستی كەوتووە، “تا دواین ساتەكان هیچ كێشەیەك لەنێوان هەرێم و عیراق نەمابوو لەسەر بودجە و نەوت، بەڵكو كۆتا ڕەشنووس چاپكرابوو بۆ دەنگدان، بەڵام بە دەستێوەردانی هەندێك لایەنی دژ بە ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا ئاستەنگ دروست كرا و بڕگەیەك زیادكرا، كە بریتی بوو لەوەی ئەگەر هەرێم پابەندی ناردنی نەوت نەبێت، ئەوا هیچ پارەیەكی لە وەبەرهێنان و بەكاربرددن (پڕۆژەكان و مووچە) پێ‌ نادرێت”.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكرد، ڕێككەوتنەكە هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام جۆرێك لە ئاستەنگی بۆ دروست بووە و ئەگەر هەرێم سووربێت لەسەر ڕێككەوتن دەتوانێت ئەوەش تێپەڕێنێت.

لای خۆشیەوە، ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی بەرەی توركمانی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك تۆمارێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردۆتەوە و تێیدا ڕایگەیاندووە، كێشەی بودجەی نێوان هەرێم و بەغدا تا ئێستا چارەسەر نەبووە لەكاتێكدا پێنشیارێك هەبوو لەلایەن حكومەتەوە تاوەكو هەرێم ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ بكات و ئەوەش لەلایەن بەشێكی كوتلەكانەوە ڕەتكرایەوە.

وتیشی، “كوتلە شیعیەكان پێشنیاری ئەوەیان كردبوو، كە هەرێم بڕی 460 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە ڕادەست بكات و ئەوەی پەیوەندی بە خەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و بەكارهێنانی ناوخۆیی و پتڕۆدۆلارە بۆی تەرخان بكرێت، بەڵام پەڕلەمانتارانی توركمان پێشنیاری ئەوەیان كرد تاوەكو هەرێم هەموو نەوتەكەی ڕادەست بكات و لەبەرامبەردا سەرجەم تێچووی گواستنەوە و بەرهەمهێنان و دەرهێنان و بەكارهێنانی پێ‌ بدرێتەوە”.

هەرچەندە بڕیاربوو شەوی ڕابردوو پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی عیراق لەلایەن پەڕلەمانەوە پەسەند بكرێت، بەڵام سەرۆكایەتی پەڕلەمانی عیراق ڕایگەیاند، كە ئەو دۆسیەیە دواخراوە بۆ هەفتەی داهاتوو ئەوەش بەشێكی پەیوەندی بە ناكۆكی نێو ماڵی شیعە و بەشێكی دیكەشی پەیوەندی بە پشكی هەرێمەوە هەبوو.

لای خۆشیەوە، د. بەشیر خەلیل، جێگری سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق لە پشكی كورد ڕایگەیاند، ڕێككەوتنی نێوان عیراق و هەرێم هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵكو ئاستەنگی بۆ دروست بووە و لایەنە شیعەكان لە بۆچووونەكانیان پەشیمان بوونەتەوە.