سەردێر

لە ئامەد ئاهەنگی ملیۆنی نەورۆز ئەنجام دەدرێت

خەڵك-
لە شاری ئامەدی باكووری كوردستان ئاهەنگی ملیۆنی بۆ جەژنی نەورۆز ئەنجام دەدرێت و كوردان بە یەك دەنگ دژی پلانەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ داخستنی هەدەپە دەوەستنەوە.

ئەمڕۆ یەك شەممە 21ی ئازار، كە یەكەم ڕۆژی ساڵی نوێی كوردییە لە شاری ئامەد لە باكووری كوردستان ئاهەنگی ملیۆنی نەورۆز بەڕێوەدەچێت، هەدەپەش داوا لە هاووڵاتیان دەكات بەجلی كوردییەوە بەشداربن.

پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) ئاهەنگێكی گەورەی لە مەیدانی گەورەی ئامەد سازكردووە بۆ جەژنی نەورۆز و بڕیارە وتارێك لەلایەن هاوسەرۆكانی ئەو پارتەوە پێشكەش بكرێت و بۆ ئەوەش داوای زۆرترین بەشداری لە هاووڵاتیان دەكرێت.

دوێنێ‌ شەممە، لە شاری ئەستەنبوڵ لەلایەن هەدەپە-وە ئاهەنگێكی گەورە بۆ جەژنی نەورۆز سازكرا و تیایدا پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی هەدەپە لە وتارێكدا ڕایگەیاند، دەبێت ئازادی و دیموكراسیی لە وڵاتدا بچەسپێت، نەك هەركاتێك بە ئارەزووی خۆیان ویستیان چی حزبێك دابخەن یاسایەكی بۆ دابتاشن.

وتیشی، “پێویستە ئاشتی بەرقەراربێت و تاوەكو یەك كەس بمێنێت ئاڵای هەدەپە ناكەوێت”.

ئاهەنگی گەورەی نەورۆز لە ئامەد و شارەكانی دیكەی توركیا هاوكاتە لەگەڵ هەڵمەتێكی ڕەشبگیری كوردانی سەر بە هەدەپە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە و هاوكات حزبی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە (ئاكەپە) بە سەرۆكایەتی ئەردۆغان لەڕێگەی داواكاری گشتییەوە دەیانەوێت ئەو پارتە كوردیە دابخەن.