سەردێر

سەرۆكی لیژنەی ئەوقاف: نەورۆز نە جەژنە و نە پەیوەندی بە كوردەوە هەیە

خەڵك-
سەرۆكی لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە پەڕلەمانی كوردستان، كە لە پشكی كۆمەڵی دادگەرییە ڕایدەگەیەنێت، نەورۆز نە جەژن ەو نەهیچ پەیوەندی بە قەومی كوردەوە هەیە.

د. هەورامان گەچێنەیی، سەرۆكی لیژنەی ئەوقافی پەڕلەمانی كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك لە نووسینێكی كورتدا بە ناونیشانی “هەر زۆر بە كورتی و پوختی” ئاماژەی بەوەكردووە، بڕواداران تەنها و تەنها دوو جەژنیان هەیە، جەژنی ڕەمەزان و جەژنی قوربان، هەردوكیشیان لەلایەن پەروەردگاری جیهانەكانەوە بۆمان دیاری كراوە.

دەشڵێت: “نەورۆزیش نە جەژنە و نەهیچ پەیوەندی بە قەومی كوردەوە هەیە”.

ئەم نووسینەی ئەو پەڕلەمانتارەی كۆمەڵ لەكاتێكدایە، كە عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵ لە نووسینێكیدا دەربارەی نەورۆز و حوكمی ئاگركردنەوە لەو ڕۆژەدا و دەڵێت: “ئاگركردنەوە لەو ڕۆژەدا ئەگەر بەنیاز و مەبەستی خراپ نەبێ وەك بەپیرۆز گرتنی ئاگر كە عادەتی مەجووسییەكان بووە، ئەوە بەپێی بنچینەی: هەڵس‌ و كەوتەكان لەبنەڕەتدا ڕەوان، مەگەر ئەوەی شەرع قەدەغەی كردبێ”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئاگر كردنەوە چ لەڕۆژی نەورۆزدا “وەك یادێكی نەتەوەیی”، چ لەهەر ڕۆژێكیدیكەدا، وەك سەرجەم هەڵس ‌و كەوتەكان ڕەوایە، چونكە هیچ دەقێكی شەرعی تایبەت لەسەر قەدەغەكردنی نیە.