سەردێر

مەسرور بارزانی پەیامێك ئاڕاستەی بەغداد دەكات

خەڵك
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبنەی نەورۆزەوە پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوەو دەشڵێت، هیوادارم حكومەتی فیدراڵی ئەركەكانی خۆی بۆ جێبەجێكردنی هەموو خاڵە دەستوورییەكان بەجێبهێنێت، بۆ ئەوەی سەقامگیریی سیاسی و ئابوری و ئاسایش لە هەموو عێراقدا بچەسپێت.

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا بەبۆنەی نەورۆزەوە دەڵێت، سوپاسی خەڵكی كوردستان دەكەم بۆ پشوودرێژی و خۆڕاگرییان، كە هاوكار و یارمەتیدەربوون بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بتوانێت روبەڕووی قەیرانەكان ببێتەوە.

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەشڵێت، هیوادارم حكومەتی فیدراڵی، ئەركەكانی خۆی بۆ جێبەجێكردنی هەموو خاڵە دەستوورییەكان بەجێبهێنێت، بۆ ئەوەی سەقامگیریی سیاسی و ئابوری و ئاسایش لە هەموو عێراقدا بچەسپێت.

دەقی پەیامەكەی سەرۆكی حكومەت:

بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی كوردییەوە، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی كوردستانییان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەكان و هێزە ئەمنییەكان و كەسوكار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەكەم هیوادارم ساڵی خۆشی و خۆشگوزەرانی بێت بۆ گەلی كوردستان.

نەورۆز بۆ گەلی كوردستان، هەمیشە هێما و سیمبولی ئازادی و نوێبوونەوەی ژیان و سەركەوتن بووە، بۆیە هیوادارم ئەم نەورۆزە، ببێتە مایەی بە دیهێنانی هەموو مافەكانمان و سەركەوتن بە سەر هەموو سەختی و ناخۆشییەكاندا.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خەڵكی كوردستان بكەم، بۆ پشوودرێژی و خۆڕاگرییان كە هاوكار و یارمەتیدەربوون بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، بتوانێت روبەڕوی قەیرانەكان ببێتەوە.

هیوادارم حكومەتی فیدراڵی، ئەركەكانی خۆی بۆ جێبەجێكردنی هەموو خاڵە دەستوورییەكان بەجێبهێنێت، بۆ ئەوەی سەقامگیریی سیاسی و ئابوری و ئاسایش لە هەموو عێراقدا بچەسپێت.

داوا لە هاونیشتمانییان دەكەم، پابەندبن بە رێنماییە تەندروستییەكان و رێكارەكانی خۆپارێزی، بەتایبەتی لە رۆژانی جەژنی نەورۆزدا، بۆ ئەوەی بە یەكەوە كاربكەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتایە، لە پێناو پاراستنی كۆمەڵگە بە گشتی و بەسەربردنی كاتێكی خۆشتر.

نەورۆزتان پیرۆز بێت و كوردستان هەمیشە ئاوەدانتر و گەشەسەندووتر بێت .