سەردێر

بڕیاری كۆتایی لە ڤاكسینی ئەسترازینیكا درا

خەڵك-
دوای ڕاگرتنی بەكارهێنانی ڤاكسینی جۆری (ئەسترازینیكا) لە دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەلایەن ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپاوە بەهۆی بوونی مەترسی جەڵتەی خوێن، تیمە پزیشكییەكانی ئەو وڵاتانە پاشگەزبوونەوە و ڕایانگەیاند، سوودەكانی زیاترە لە زیانەكانی.

تیمێكی پزیشكی نەرویجی و ئەڵمانی گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە پەرچەكردارێكی بەرگری لەش لەكاتی بەكارهێنانی ڤاكسینی ئەسترازینیكا دەشێت ببێتەهۆی جەڵتەی دەماغ و ئەمەش هۆكاری دەركەوتنی هەندێ حاڵەتی هاوشێوەیە لە ئەوروپا.

ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمریكی لە ڕاپۆرتێكدا دواین دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەی تیمە پزیشكییە ئەڵمانی و نەرویجییەكانی سەبارەت بە كاریگەرییەكانی ڤاكسینی (ئەسترازینیكا) لەسەر جەڵتەی خوێن بڵاوكردەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، دەستەی ڕێكخستنی دەرمانی ئەوروپی گەشتۆتە ئەو بڕیارەی، كە بەكارهێنانی ڤاكسینەكە كەڵك و سوودی زیاترە لە مەترسییەكانی بەم هۆیەشەوە بریاریانداوە دەستبەكارببنەوە لەبەكارهێنانی ڤاكسینەكەی ئۆكسفۆرد.

لە ڕۆژی 11ی ئازاردا وڵاتی دانیمارك یەكەم وڵات بوو بڕیاری دا بە ڕاگرتنی بەكارهێنانی ڤاكسینی دژی كۆرۆنا لە جۆری ئەسترازینیكا وەك ڕێكارێكی خۆپارێزی بەهۆی بوونی مەترسی ڕوودانی جەڵتەی خوێن لەو كەسانەی خۆیان بە ڤاكسینەكە كوتاوە و دواتریش هەریەک لە وڵاتانی (ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ئیسپانیا و هۆڵەندا و ئیتاڵیا و دانیمارک و ئێرلەندا) بڕیاریاندا بە ڕاگرتنی بەكارهێنانی ڤاكسینەكە.