سەردێر

كازمی بڕیارێك بۆ دەروازە سنوورییەكانی هەرێم دەردەكات

خەڵك-
سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عیراق ئاشكرای دەكات، كە بەشێكی زۆری دەروازە نافەرمییەكان لە هەرێمی كوردستانن و دەشلڵێت: “كازمی فەرمانی كردووە بەدواداچوون بۆ دەروازەكانی هەرێم بكەین”.

عومەر وائلی، سەرۆكی دەستەی دەروازە سنورییەكانی عێراق، لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران فەرمانیداوە بە چاودێریكردنی دۆسیە دەروازە سنورییە نافەرمییەكان كە “زۆربەیان” لە هەرێمی كوردستانن.

ڕاشیگەیاندووە، چەند دەروازە و خاڵی سنوری نا فەرمی هەن، كە زۆربەیان لە هەرێمی كوردستان، دەستەكەمان چەندین جار پێشنیار و نووسراوی فەرمی ئاڕاستەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و هەروەها فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و فەرماندەی پاسەوانی سنور كردوە، داوای داخستنی ئەو دەروازە سنوریانەمان كردوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، داخستنی ئەو دەروازە و مەرزانە بەرپرسیارێتی فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەكان و هێزەكانی پاراستنی سنوورە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەرێمی كوردستان.

وائیلی وتیشی، “تا ئێستا هەرێمی كوردستان پابەندی بڕیارەكانی دەستەی دەروازە سنووریەكانی فیدڕاڵی نەبووە و بڕیاری ژمارە 13ی سااڵی 2019ی ئەنجوومەنی وەزیرانی پەیڕەو نەكردووە و تا ئێستاش وەڵامی ئەو پێشنیارەی ئێمەیان نەداوەتەوە، كە لەڕێگەی ئەمیندارێتی گشتییەوە ڕەوانەمان كردووە بۆ كردنەوەی نووسینگەی هەماهەنگی لە هەرێمی كوردستان و بەو هۆیەوە دەروازەكانی هەرێم بە حكومەتی فیدڕاڵییەوە نەبەستراونەتەوە”.

جەختیشی كردۆتەوە، ئەو دۆسیەیە ڕاوەستاوە لەسەر ڕەزامەندی هەرێم و كردنەوەی دەرگایان بەڕووی دەستەی دەروازە سنوورییەكان لەپێناو كۆنتڕۆڵ كردنی تەواوەتی دەروازەكان.