سەردێر

هەدەپە لە ئەستەنبوڵ ئاگری نەورۆز دەكاتەوە

خەڵك-
پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە شاری ئەستەنبوڵی توركیا ئاهەنگێكی گەورە بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردیەوە سازدەكات و هاوسەرۆكی پارتەكە وتارێك پێشكەش دەكات.

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، بەبەرگی كوردیەوە لە شاری ئەستەنبوڵی توركیا وتارێك بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و بڕیاری داخستنی هەدەپە و ئازادنەكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش پێشكەش دەكات.

بوڵدان ڕایگەیاند، ستەمێكی زۆر بەرامبەر دەمیرتاش دەكرێت و ڕێگەی پێ‌ نادرێت وەك هەر هاووڵاتییەكی دیكە لەگەڵ خێزانەكەی گفتوگۆ بكات و سزای سیاسی دەدرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، كوردیش وەك تورك و عەلەوی و پێكهاتەكانی دیكە مافی خۆی هەیە و نابێت ئینكاری لە مافەكانی بكرێت، چونكە عەقڵیەتی دەوڵەتداری بە بیری تەسكەوە ناكرێت.

هاوسەرۆكی هەدەپە جەختیشی كردەوە، دەبێت ئازادی و دیموكراسیی لە وڵاتدا بچەسپێت، نەك هەركاتێك بە ئارەزووی خۆیان ویستیان چی حزبێك دابخەن یاسایەكی بۆ دابتاشن.

وتیشی، “پێویستە ئاشتی بەرقەراربێت و تاوەكو یەك كەس بمێنێت ئاڵای هەدەپە ناكەوێت”.