سەردێر

گۆڕان: قەوارەی ھەرێم بە ھاووڵاتیەكانی دەپارێزرێ

خەڵك-
بزووتنەوەی گۆڕان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردییەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و داوای ” دوركەوتنەوە لە ململانێی بیرتەسكی كەسی و حیزبی و میدیایی” دەكات و ڕایدەگەیەنێت، قەوارەی ھەرێم بە ھاوڵاتیەكانی دەپارێزێ بۆیە دەبێ ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتی سەنتەری بیركردنەوەی حوكمڕانی بێ لە كوردستان.

بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، قەوارەی ھەرێم بە سوپایەكی یەكگرتوو ، حكومەتێكی باش و یەكگرتو، دادگایەكی بێ لایەن و پەرلەمانێكی كارا و بازاڕێكی ئازاد و قۆرخ نەكراو، لەگەڵ بنبڕكردنی گەندەڵی و سزادانی گەندەڵكاران دەپارێزرێ و بەھێز دەكرێ.

دەقی پەیامەكە
جەژنی نەورۆزتان پیرۆزبێت
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی كوردی (٢٧٢١)، پیرۆزبایی گەرم لە ھاوڵاتیانی ھەرێمی كوردستان و كوردانی كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان و، هاونیشتیمانیانمان لە رۆژهەڵات، رۆژئاوا، باكوری كوردستان و رەوەندی كوردی دەكەین.
جەژنی نەورۆز ، بۆنەیەكی گرنگی نەتەوەییە، وانەی بەرگری و پاراستنی خاك و زمان و رەگەزە بنەرەتیەكانی مانەوەی كوردە، بۆنەی بەهێزكردنی روحی بەرەنگاریە بەرامبەر بە جەور و ستەمی داگیركەران.
لەم بۆنە گرنگ و پیرۆزەدا، كە ھاوكاتە لەگەڵ یادی سەركەوتنی راپەڕینی خەڵكی كوردستان و ئازادكردنی شاری كەركوك،
بزوتنەوەی گۆڕان جەخت دەكاتەوە لەسەر بەدیھێنانی ئامانجە باڵاكانی خەڵكی كوردستان، كە كاركردن و تێكۆشانی بەردەوامە بۆ بەدیهێنانی ژیانێكی باشتر بۆ ھاوڵاتیان و پاراستنی ژیان و كەرامەت و ئازادیەكان. لەگەڵ بەھێزكردنەوە و گەشەپێدانی گیانی ئاشتەوایی و لێبوردەیی لەنێوان ھاوڵاتیان و ھێزە سیاسیەكانی ھەرێم و دوركەوتنەوە لە ململانێی بیرتەسكی كەسی و حیزبی و میدیایی. ھاوكات پشتگیری سیاسیی و مەعنەوی بۆ خەباتی پارچەكانی دیكەی كوردستان.
قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان، بەرهەمی خوێن و قوربانیدانی تێكۆشانی سەدان ساڵە، پێویستە پارێزگاری لەبون و مانەوەی بكرێت، بەڵام قەوارەی ھەرێم بە سوپایەكی یەكگرتوو ، حكومەتێكی باش و یەكگرتو، دادگایەكی بێ لایەن و پەرلەمانێكی كارا و بازاڕێكی ئازاد و قۆرخ نەكراو، لەگەڵ بنبڕكردنی گەندەڵی و سزادانی گەندەڵكاران دەپارێزرێ و بەھێز دەكرێ.
قەوارەی ھەرێم بە ھاوڵاتیەكانی دەپارێزێ بۆیە دەبێ ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتی سەنتەری بیركردنەوەی حوكمڕانی بێ لە كوردستان. بۆ ئەو مەبەستەش پەیڕەوكردنی چاكسازی گشتگیر و ھەمەلایەن پێویستیەكی لەپێشینەیی ئەم قۆناغە سیاسیەیە.
لەسەر ئاستی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، بە پێویستی دەزانین سوپاس و پێزانینی بەردەوام ئاراستەی ھەمو ئەو ھاونیشتمانیانە بكەین كە دەنگدەر و پشتیوانی ئەم پڕۆژە سیاسیە بون و دەبن، بە پشتیوانی ئێوە بەرەو ھەڵبژاردنی ناوخۆیی و كۆنفرانسی دوەمی نیشتمانی دەڕۆین، لێرەوە بەرەو چارەسەری كێشەكان و بەھێزكردنەوەی پەیكەری رێكخراوەیی و ئاشتەوایی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان ھەنگاو دەنێین.
جارێكی تر، جەژنی نەورۆزتان لێ پیرۆز دەكەین و هیوادارین كوردستانێكی ئازاد و سەربەخۆ بەگەشاوەیی لەدڵ و هزرتاندا بمێنتەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان
٢٠ی ئازاری ٢٠٢١