سەردێر

هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لە چەند شەقامێكی ناو سلێمانی ڕاگیرا

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئاگاداری شۆفێران و هاووڵاتیان دەكاتەوە، كە ئەمڕۆ شەقامە لاوەكییەكانی دێنەوە سەر شەقامی سەرەكی سالم و خودی شەقامە سەرەكییەكە لەبەردەم پاڵاسەوە تا یانەی ئەندازیاران بەربەست كران.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەكاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە سەرجەم ئەو شەقامە لاوەكیانەی دێنەوە سەر شەقامی سالم بەربەست دەكرێن بەڕووی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلدا.

ڕاشیگەیاندووە، لەكاتژمێر یەك-ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە شەقامی سالم لەبەردەم گۆڕەپانی هۆتێل پاڵاسەوە تا گۆڕەپانی یانەی ئەندازیاران بەربەست دەكرێت ‌و ڕێگە بەهاتووچۆی ئۆتۆمبێل نادرێت.

داخستن و بەربەست كردنی ئەو شەقامانە هاوكاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی پلانی ئەمنی و هاتووچۆ بۆ مەڕاسیمەكانی ئاگری نەورۆز و پیاسە و گەڕانی هاووڵاتیان لەو شەقامە سەرەكییەی شار، كە ساڵانە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیان و گەشتیاران ڕووی تێ‌ دەكەن.