سەردێر

چەند زانیارییەكی نوێ‌ دەربارەی بودجە ئاشكرادەكرێن

خەڵك-
بڕیارە ئەمڕۆ پەڕلەمانی عیراق بۆ پەسەندكردنی بودجەی ساڵی 2021 كۆببێتەوە و پەڕلەمانتارانیش چەند زانیارییەكی دیكە سەبارەت بە ماف و شایستەی چین و توێژەكان لەناو بودجە ئاشكرادەكەن.

سەرەڕای ڕێككەوتنی هەرێم و عیراق لەسەر پشكی بودجەی هەرێم، بڕیاربوو بەیانی ئەمڕۆ بودجە بخرێتە دەنگدانەوە و پەسەند بكرێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكی شیعە و سوننە لەسەر پشكی پارێزگا سوننەنشینەكان، جارێكی دیكە كۆبوونەوەی پەڕلەمان بۆ 1ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ دواخراوە.

عائیشە مساری، ئەندامی پەڕلەمانی عیراق بۆ میدیاكان ڕایگەیاند، لە كاتژمێر 1ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ كۆبوونەوەی پەڕلەمان دەكرێت بۆ پەسەند كردنی بودجە.

ڕاشیگەیاند، دەنگ دەدەن لەسەر جێگیركردنی مافەكانی وانەبێژن و گرێبەستەكانی وەزارەتی كارەیا و دامەزراندنی خاوەن بڕوانامە باڵاكان و گێڕانەوەی بەهای دۆلار بۆ ئاستی خۆی.

لای خۆشیەوە، عەباس زاملی، ئەندامی لیژنەی پەروەردەی پەڕلەمانی عیراق ئاشكرای كردووە، سەرۆكایەتی پەڕلەمان ڕازی بووە بە پێشنیاری گۆڕینی وانەبێژان بۆ گرێبەست و تەرخان كردنی بڕێك پارە بۆیان وەك مووچەی مانگانە.