سەردێر

كۆبوونەوەی پەرلەمان لەسەر بودجە دواخرا

 

خەڵك-

بڕیاربوو پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە كاتژمێر 10 و نیو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لە سەر پرۆژە یاسای بودجە بدات بۆ ساڵی 2021، بەڵام كۆبوونەوەكە تا ئێستا دەستیپێنەكردووە.

بەپێی سەرچاوەكان هۆكاری دواكەوتنی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان شیعە و سوننەوەیە لەسەر بودجەی پارێزگای سونە نشینەكان.

سوننەكان رەخنەیان هەیە لەسەر بودجە، سونەكان داوای پشكی زیاتر دەكەن بۆ پارێزگا سونەنشینەكان لە بودجەی ئەمساڵ.

دەربارەی بەشی كورد، بەپێی زانیارییەكان شەوی رابردوو دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوەی شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی شیعە، فراكسیۆنە شیعەكان، سەرۆكایەتی پەرلەمان و لیژنەی دارایی گەیشتوون بە رێككەوتن لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمساڵ.

هاوكات بڕیاربوو شەوی رابردوو كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێت بۆ دەنگدان لەسەر بودجە، بەڵام لەلایەن بەشێك لە ئەندام پەرلەمانەكانی شیعەوە داوا بەرزكرایەوە بۆ دواخستنی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان.

بەهۆی ناكۆكی نێوان پێكهاتەكانەوە بەتایبەت ناكۆكییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا پێنج مانگ پەسەندكردنی بودجەی ساڵی 2021 دواكەوتووە.