سەردێر

كەركوك لەنێوان فەرمانرەوایانی كورد و بەغدادا

ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی راپەڕینی كەركوكە

 

خەڵك-

ئەمڕۆ 20ی ئاداری 2021 ساڵوەگەڕی راپەڕینی شاری كەركوك و گرتنی شارەكە لەلایەن جەماوەری راپەڕیوی كوردستانەوە.

ئێوارەی 20ی ئاداری 1991 دوای گرتنی زۆرینەی شارەكانی باشوری كوردستان، گرتنی شاری كەركوك راگەیەنرا.

گرتنی كەركوك بە سەركەوتنێكی مێژوویی تۆماركرا بۆ خەڵكی كوردستان بۆ یەكەمجار، چونكە زۆرینەی گفتوگۆكانی نێوان شۆڕشەكانی كورد و بەغدا لەسەر كەركوك تێكچووبوون، بەتایبەت رێككەوتنی 11ی ئاداری 1970 و گفتووگۆكانی ساڵی 1984 و 1991.

مانەوەی كەركوك لە ژێر دەستی كورد زۆری نەخایاند دوای نزیكەی 10 رۆژ شارەكە لەلایەن هێزەكانی حكومەتی ئەو كاتی عێراقەوە گیرایەوە لەگەڵ سەرجەم باشوری كوردستان تا 1ی نیسانی 1991 و دروستبوونی كۆڕەوی ملیۆنی.

دواتر لەژێر فشارە نێودەوڵەتییەكان سوپای عێراق لە هەرێمی كوردستان كشایەوە، بەڵام لە كەركوك نەكشایەوە.

جارێكی دیكە لە نیسانی 2003 دوای رووخانی رژێمی عێراق كەركوك لەلایەن كوردەوە گیرایەوە.

لە 16ی تشرینی یەكەمی 2017 جارێكی دیكە لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە كەركوك گیرایەوە.

بە درێژایی بوونی كورد لە كەركوك هاووڵاتیان گلەیی و ناڕەزاییان هەبووە لە ئیدارەی كوردی بەهۆی ناكۆكی و دوو ئیدارەیی و دوو دامەزراوەیی پارتی و یەكێتی لەكەركوك كە دواجار بەهۆی سیاسەتەكانی ئەو دوو حزبە جارێكی دیكە كەركوك لە دەستی كورد دەرهێنرایەوە.

ئێستا هیچ ئاسۆیەك بۆ گەڕانەوەی كەركوك بۆ بن دەستی ئیدارەی كوردی نییە، رۆژانە فشارەكان لەسەر كورد لە كەركوك زیاد دەبن و موڵك و ماڵی خەڵك لەلایەن عەرەبەكانەوە داگیردەكرێن.

كەركوك شارێكی دەوڵەمەند بە نەوتە و جگە لە كورد، عەرەب و توركمان و ئاشوریشی تێدا دەژین.

كەركوك نەك تەنها بووەتە جێگەی ململانێی نێوخۆییەكانی عێراق، بەڵكو ململانێی هەرێمیشی لەسەرە، توركیا بە ناوی توركمانەكانەوە رۆڵی خۆی هەیە لە دۆسێی كەركوكدا.

ئێستا كەركوك لەلایەن هێزەكانی حەشدی شەعبی نزیك لە ئێرانەوە بە تەواوی گیراوە و هەموو كاروبارێكی لەلایەن ئەوانەوە هەڵدەسوڕێنرێت.