سەردێر

ئەمڕۆ رێوڕەسمەكانی نەورۆز بەڕێوەدەچن

خەڵك-

ئێوارەی ئەمڕۆ 20ی ئاداری 2021 رێوڕەسمەكانی نەورۆز لە سەرانسەری چوار پارچەی كوردستان و هەندێك شوێنی دیكەی دەرەوەی وڵات كە كوردی لێ نیشتەجێن بەڕێوەدەچن.

لە هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ رێوڕەسمەكانی نەورۆز دەكرێن و بۆ رۆژی سبەینێ كە دەكاتە یەكەم رۆژی بەهار و ساڵی نوێی كوردی، هاووڵاتیان روو لە دەشت و چیاكان دەكەن بۆ سەیران و گەشتوگوزار.

لە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا كە لە ژێر دەستی پەكەكەدایە و لە باكوری كوردستان و رۆژئاوای كوردستان ئاهەنگ و رێوڕەسمی تایبەت بە نەورۆز لە ئێوارەی 20ی ئادار و رۆژی 21ی ئاداریش بەڕێوەدەچن.

ساڵی رابردوو بەهۆی كەرەنتینە و بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناوە رێوڕەسمەكانی نەورۆز ساز نەكران، بۆیە ئەمساڵ هاووڵاتیان بە گڕوتینەوە چاوەڕێی نەورۆز بوون.

ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان رێوڕەسمەكانی نەورۆز لە ژَێر چاودێری و مەرجی تەندروستیدا بەڕێوەدەچن لەلایەن هاووڵاتیانەوە، بەڵام حكومەت خۆی هیچ رێوڕەسمێكی تایبەتی سازنەكردووە.

هاوكات حكومەتی هەرێمی كوردستان پشكنینی نەرێنی كۆرۆنای كردووەتە بە مەرج بۆ ئەو كەسانەی وەك گەشتیار دێنە هەرێمی كوردستان بەتایبەت گەشتیارانی عێراقی لە باشورو نێوەڕاستی عێراق.