سەردێر

ئەمڕۆ دەنگ لەسەر بودجە دەدرێت

خەڵك-

بڕیارە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لە سەر پرۆژە یاسای بودجە بدات بۆ ساڵی 2021.

بەپێی زانیارییەكان شەوی رابردوو دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوەی شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی شیعە، فراكسیۆنە شیعەكان، سەرۆكایەتی پەرلەمان و لیژنەی دارایی گەیشتوون بە رێككەوتن لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمساڵ.

هاوكات بڕیاربوو شەوی رابردوو كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێت بۆ دەنگدان لەسەر بودجە، بەڵام لەلایەن بەشێك لە ئەندام پەرلەمانەكانی شیعەوە داوا بەرزكرایەوە بۆ دواخستنی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان.

هاوكات ناكۆكی لەنێوان شیعە و سوننەكان هەیە لەسەر بودجە، سونەكان داوای پشكی زیاتر دەكەن بۆ پارێزگا سونەنشینەكان لە بودجەی ئەمساڵ.

بەهۆی ناكۆكی نێوان پێكهاتەكانەوە بەتایبەت ناكۆكییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا پێنج مانگ پەسەندكردنی بودجەی ساڵی 2021 دواكەوتووە.