سەردێر

مامۆستایەكی ئایینی بۆ نوێژخوێنان: پابەندبن با مزگەوتەكانمان لێ دانەخەن

خەڵك – یەحیا حبیب

ئەمڕۆ هەینی، لە وتاری هەینیدا پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی مەولەوی لە شارۆچكەی شارەزوور داوایكرد، كە نوێژخوێنان بیانوو بە دەست ئەو كەسانەوە نەدەن بۆ داخستنی مزگەوتەكان و پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن و ماسك ببەستن و نوێژخوێنان نێوانیان هەبێت لە كاتی نوێژكردندا.

مامۆستا عەبدولڕەحیم تاوگۆزی، پێشنوێژ و وتارخوێنی لە مزگەوتی مەولەوی لە وتاری ئەمڕۆی هەینیدا ڕایگەیاند:”وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕێنماییەكی دەركردووە بۆ هاووڵاتیان لەو شوێنانەی كە قەرەباڵغن با دووربن لە یەكەوە و لەگەڵیشیدا ماسك ببەستن لە پێناو تەندروستی خۆی و دەوروبەرەكەی “.

وتیشی، “ئەگەر كەسێك زانی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا یاخود نیشانەكانی لێ بەدیار كەوتبوو خێری دەگات ئەگەر لە ماڵەوە دابنیشێت و ڕوو نەكاتە كۆڕ و كۆمەڵەوە ئەگەر هەینی و نوێژی بە كۆمەڵیش بێت”.

مامۆستا عەبدولڕەحیم تاوگۆزی داواشیكرد:”لە كاتی نوێژەكاندا دەبێت نێوانتان هەبێت، چونكە خەڵكی لە بیانودایە بۆ داخستنی مزگەوتەكان، با هەمووان پێكەوە بیانو نەدەینە دەست ئەوكەسانە مزگەوتەكانمان لێداخەن وەك ساڵی ڕابردوو “.