سەردێر

ئەردۆغان هەنگاوەكانی دژی ئیخوان دەستپێكرد

خەڵك-

فەرمانڕەواكانی توركیا بە رێبەرایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی ئەم وڵاتە رێوشوێنەكانیان لە دژی رێكخراوی ئیخوان موسلیمین دەستپێكرد لەپێناو ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ میسردا.

بەپێی سەرچاوەی میدیاییەكان، توركیا فەرمانی كردووە بە كەناڵە ئاسمانییەكانی سەر بە ئیخوان موسلمین كە لە ئەو وڵاتە پەخش دەكەن، بەشی سیاسی بەرنامەكانیان رابگرن، تەنها بەرنامەی كات بەسەر بردن پەخش بكەن.

هاوكات حكومەتی ئەنقەرە داوای لە 30 سەركردە و ئەندامی ئیخوان موسلیمینی میسری كردووە كە لە توركیا دەژین بە هیچ شێوەیەك قسەی سیاسی نەكەن و بێدەنگ بن، بەڵام هیچ سەركردەیەكی ئیخوان دەستبەسەر نەكراون.

لە قاهیرە سەرچاوەیەك دەڵێت: ئەنقەرە بەڵێنیداوە كاری ئەو كەناڵە ئاسمانیانە رابگرێت كە لەسەر خاكی توركیا پەخش دەكەن و كار لەسەر رەوشی میسر دەكەن.

بەپێی سەرچاوەكان بەرپرسانی ئەمنی توركیا و میسر رێككەوتوون لەسەر راگرتنی شەڕی راگەیاندن و هاوكاری هەواڵگری.

هاوكات بڕیارە بەرپرسێكی باڵای ئەمنی توركیا لە هەفتەی ئایندە بگاتە قاهیرە بۆ دەستپێكردنی گفتووگۆ لەگەڵ هاوتا میسرییەكانی.

شەوی رابردوو ژمارەیەك لە كەناڵەكانی ئیخوان بەرنامەكانیان راگرت داوای لێبوردنیان لەبینەرەكانیان كرد بەبێ روونكردنەوەی هۆكارەكانی.

سەرچاوەكان دەڵێن: ئەنقەرە بەئەو كەناڵانەی ئیخوانی راگەیاندووە دوو بژاردەیان هەیە داخستنی كەناڵەكانیان یان لابردنی بەشی سیاسی لە بەرنامە و هەواڵ و هەر چالاكییەكی سیاسی لە كەناڵەكانیان دا تەنها بەرنامەی كات بەسەربردن و هونەری و رۆشنبیری پێشكەش بكەن.

ئەم پێشهاتانەدا دوای خواستەكانی توركیایە بۆ نزیكبوونەوە و ئاشتبوونەوە لەگەڵ میسر، لە بەرامبەردا قاهیرەش كۆمەڵێك مەرجی بۆ ئەنقەرە هەبووە لەوانە بەرتەسككردنەوەی چالاكییەكانی رێكخراوی ئیخوان موسلیمین كە لەلایەن میسرەوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە و ژمارەیەكی زۆری سەركردە و ئەندامی ئەو رێكخراوە لە توركیان.

لای خۆیەوە یاسین ئۆكتای راوێژكاری پارتی داد و گەشەپێدان دەڵێت: هیچ بڕیارێك بۆ داخستنی ئەو كەناڵانە نییە، بەڵام ئەوەی هەیە بریتییە لە پێداچوونەوە بە گوتاری میدیاییان دژی میسر و بێدەنگ بون لە ژێر هەندێك یاسای میدیاییدا، پارێزگاریش لە مافی میسرییەكان دەكرێت و مەحاڵە هیچ یەكێكیان رادەستی قاهیرە بكرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد هیچ بڕیارێك بۆ داخستنی ئەو كەناڵانە لە ئیستەنبوڵ نییە، هیچ قوربانیش بە كارمەندانی میدیایی توركی یان میسری نادرێت.

هەفتەی رابردوو ئەنقەرە رایگەیاند پەیوەندی دبلۆماسی لەنێوان قاهیرە و ئەنقەرەدا دەستپێكردووە لەسەر ئاستی هەواڵگری و وەزارەتی دەرەوە، لای خۆیەوە ئەردۆغان رایگەیاند هاوكاری ئابووری، دبلۆماسی، هەواڵگری لەگەڵ میسر بەردەوامە هیچ كێشەیەك لە ئەمەدا نییە.

راشیگەیاند ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەكان بەردەوام بن و هەوڵ دەدەین بەهێزیی بكەن.

لای خۆیەوە مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند لەسەر ئاستی هەواڵگری و وەزارەتی دەرەوە پەیوەندی كراوە و پەیوەندی دبلۆماسیش دەستیپێكردووە.

لە بەرامبەردا سامح شوكری وەزیری دەرەوەی میسر رایگەیاند رەوشی سیاسی نێوان میسر و توركیا پەیوەستە بە هەڵوێستی ئەنقەرە بە نەرێنی لە بەرامبەر میسر، بەڵام كاریگەری لەسەر گەڵی هەردوولا نەبووە.

وەزیری دەرەوەی میسر دەڵێت بەتەنها گوتن بەس نییە، بەڵكو كردار و سیاسەت گرنگە و ئەوانە رەوشەكە دەگەڕێننەوە باری ئاسایی.