سەردێر

وردەكاری پێشنیارەكانی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا

خەڵك-
كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمان و لیژنەی دارایی و شیعەكان لە پەرلەمانی عێراق بەردەوامە و گەیشتونە رێككەوتنی سەرەتایی.
ئەندامانی شاندی هەرێمی كوردستان لە چەند لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایان كرد لە كۆبوونەوەكەدا گەیشتوون بە ئەنجامێكی باش، بەڵام هێشتا وەك رێككەوتن سەیری ناكرێت، چونكە پێویستی بە رەزامەندی لیژنەی دارایی و دواجار دەنگی ئەندام پەرلەمانەكان هەیە.

بەپێی زانیارییەكان چەند پێشنیارێك كراون بۆ رێككەوتنی هەرێم و بەغدا، لەوانەشایستە داراییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا یەكلا بكرێنەوە لە 2004ەوە تا 2020. ئەمەش دوای ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی ئیتیحادی بە هەماهەنگی دیوانی چاودێری هەرێم، وردبینی لە ژمارەكان دەكات.

رۆژانە حكومەتی هەرێم 460 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و دواتر پشكی پێویست بۆ خەرجی بەرهەم و گواستنەوە و بەگەڕخستن و پێداویستی ناوخۆ، 250 هەزار بەرمیل رادەستی سۆمۆ بكات، ئەو بڕگەیەی سەرەوە بە هەماهەنگی وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سرووشتییەكان جێبەجێ بكرێت.

حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە رادەستكردنی داهاتی نانەوتی بە گەنجینەی دەوڵەت و بە گوێرەی یاسایی ئیدارەی دارایی و هەردوو دیوانی چاودێری ئیتیحادی و هەرێم وردبینی لە ژمارەكان دەكەن، ئەو بڕگانەی سەرەوە جێبەجێكران، حكومەتی ئیتیحادی پابەند دەبێت بە پێدانی شایستە داراییەكانی هەرێم.

وەزارەتی دارایی لە سەرەتای ساڵی 2021ەوە بەشەكانی قەرزی پەیوەست بە هەرێم لە بانكی بازرگانی عێراق دادەنێت بە گوێرەی خشتەیەكی پێنج ساڵیی.

حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێت بە پێدانی زانیاری لە بارەی ژمارەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی مەدەنی و سەربازی، بە گوێرەی دابەشبوونیان و پلەی وەزیفی و ناونیشانیان و رەگەزیان، دوای وردبینی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی ئیتیحادی و هەرێم.

حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێت بە خەرجكردنی شایستەی دارایی و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەو پشكەی بۆ هەرێم بڕیاری لێدراوە لە چوارچێوەی بودجەی هەرێم و قەرەبووكردنەوەی فەرمانبەران پێش دەركردنی هەر بڕیارێك بە خەرجكردنی هەر بڕە پارەیەك لە بودجەی ئەمساڵ.