سەردێر

رێوشوێنەكانی ئاگری نەورۆز لە هەولێر راگەیەنرا

خەڵك-

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیندراوێكدا رێوشوێنەكانی رێورەسمی ئاگری نەورۆز لە شاری هەولێر و رێنماییەكانی تایبەت بە گەشت و سەیرانی .راگەیاند

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر  وتى:

ئاگری سیومبولی نەورۆز بەبێ هیچ گردبوونەوە و كۆبوونەوەیەكی جەماوەری لەیەك شوێنی هەولێر كە لەلایەن پارێزگای هەولێر دەستنیشان كراوە دەكرێتەوە، هەرجۆرە كۆبوونەوە و گردبوونەوەیەكی دیكە لەهەرشوێنێكی دیكە بۆ ئەو مەبەستە قەدەغەیە و هەركەس سەرپێچی بكات ڕێكاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

راشیگەیاند، گەشت و سەیران بەمەرجی جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان و ڕێكارەكانی خۆپارێزی و دروستنەكردنی قەرەباڵغی ڕێگە پێدراوە، هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری (4) تۆن و ماتۆڕ رۆژانی 20 تاوەكو 24ی ئازار بەهەموو شێوەیەك قەدەغەیە.

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، هێزەكانی (ئاسایش، پۆلیس، پۆلیسی هاتوچۆ، نەهێشتنی تاوان، بەرگریی شارستانی) و تێكڕای هێزە ئەمنییەكانی دیكەی، بەپێی پلانێكی ئەمنیی بۆ ڕۆژانی نەورۆز و پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییان لە ناو شارو شارۆچكەكان ڕاسپاردووە لە ئامادەباشیی تەواودابن.

لە بازگەكانی هەولێر، لەگەڵ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئامادەباشی تەواوكراوە بۆ هاتنی گەشتیاران و گروپی گەشتیاری بۆ هەولێری پایتەخت، بۆ ئەو مەبەستە هەماهەنگییەكی تەواو كراوە تاوەكو ئاسانكاری بۆ گەشتیاران بكرێت، بەپێی ئەو ڕێنمای و بڕیارانەی پێشوو كە هەر هاووڵاتییەك دەبێت پشكنینی كۆرنای كردبێت و 72 كاتژمێری بەسەردا تێپەڕ نەبووبێت، بۆیە داواكارین لەهەموو لایەك پابەندی لەو بڕیارە بكەن.

بەرپرس و ئەفسەرانی بازگەكان و كارمەندان ڕاسپێراون بۆ دروستنەبوونی قەرەباڵغی (تاسە)ی نێو بازگەكان هەڵبگیرێت.