سەردێر

ڕێكار و مەرجەكانی فەریزەی حەجی ئەمساڵ ڕاگەیەنرا

خەڵك-
دەسەڵاتدارانی سعودیە ژمارەیەك ڕێكار و مەرجی نوێیان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ئەمساڵ ڕاگەیاند، كە لەنێویاندا حاجییانی ماڵی خودا پابەند كراون بە وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنای پەسەندكراو لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانییەوە.

بەپێی هەواڵێكی ڕۆژنامەی (عاجل)ی سعودی، بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ئەمساڵ بڕیار دراوە حاجییان و زیارەتكارانی ماڵی خودا، كە لە دەرەوەی سعودیەوە دێن دەبێت بە ڤاكسینی دژی كۆرۆنای پەسەند كراو لەلایەن ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیەوە كوترابن و پێكوتەی دووەمیان پێش هەفتەیەك لە هاتنە ناو خاكی سعودیەوە وەرگرتبێت.

هەر بەپێی ڕێكارەكان، دەبێت سەرجەم ڕاسپێردراوان و كرێكاران لە حەج هەردوو ژەمی پێكوتەی كۆرۆنایان وەرگرتبێت لەناو سعودیە پێش دەستكردن بە كار بە هەفتەیەك و دەبێت هەموو كرێكاران و حاجییانی ماڵی خودا پابەندبن بە بەستنی دەمامك لە سەرجەم كاتەكاندا.

ڕۆژنامەكە ڕوونیشی كردۆتەوە، ڕێكاری بەجێگەیاندنی حەج لەمساڵدا پشت دەبەستێت بە ئەنجامی پشكنینی تاقیگەی پشتپێبەستراو، كە دەبێت ئەنجامی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەرێنی بێت پێش 72 كاتژمێر لە گەیشتن بە سعودیە و لەكاتی هاتنە ناوەوەش دەبێت بۆ ماوەی 72 كاتژمێر كەرەنتین بكرێن.

جەختیشكراوەتەوە، كە دەبێت حاجییان لەناو یەك شوێنی نیشتەجێبوون نزیكەی مەتر و نیوێك نێوانیان هەبێت و خشتەیەك دادەنرێت بۆ هاتووچۆی حاجییان بەشێوەی گرووپ، كە هەر گرووپێك پێشتر دەناسێنرێت و یەك ڕابەریان دەبێت و هەر گرووپێكیش نابێت لە 100 حاجی زیاتربێت.

هەر لە ڕێكارەكاندا هاتووە، “ماوەی مانەوەی حاجییان لە هەر ناوچەیەكی حەج و هەر قۆناغێك دیاری دەكرێت، بەڵام سوود لە هەر ئاسانكارییەكی شەرعی وەرەگیرێت بۆ كەمكردنەوەی ئەو ڕێكارانەی دەگیرێنەبەر”.