سەردێر

عیراق 6 پێشنیار بۆ بودجە و مووچە دەخاتە بەردەم هەرێم

خەڵك-
كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق دەستی پێ كردووە و لایەنە شیعەكان 6 پێشنیاریان خستۆتە بەردەم شاندی هەرێمی كوردستان بۆ ڕێككەوتن لەسەر بودجەی 2021، كە تێیدا مووچەی بەشێكی فەرمانگەكان دەگوازرێنەوە بۆ سەر بەغدا.

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق ڕایگەیاندووە، لایەنە شیعەكان 6 پێشنیاری نوێیان خۆستۆتە بەردەم شاندی هەرێمی كوردستان بۆ ڕێككەوتن لەسەر پشكی بودجە و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

دەقی پێشنیاری لایەنە شیعەكان بۆ هەرێم:
یەكەم: شایستە داراییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا یەكلابكرێنەوە لە 2004ەوە تا 2020، ئەوەش دوای ئەوەی دیوانی چاودێری دارایی ئیتیحادی بە هەماهەنگی دیوانی چاودێری هەرێم، وردبینی لە ژمارەكان دەكات.

دووەم:
أ- رۆژانە حكومەتی هەرێم 460 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت دوای جیاكردنەوەی پشكی پێویست بۆ خەرجی بەرهەم و گواستنەوە و بەگەڕخستن و پێداویستی ناوخۆ، 250 هەزار بەرمیل رادەستی سۆمۆ بكات.

ب- ئەو بڕگەیەی سەرەوە بە هەماهەنگی وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سرووشتییەكان جێبەجێ بكرێت.

ج- حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە رادەستكردنی داهاتی نانەوتی بە گەنجینەی دەوڵەت و بە گوێرەی یاسایی ئیدارەی دارایی و هەردو دیوانی چاودێری ئیتیحادی و هەرێم وردبینی لە ژمارەكان دەكەن.

د- ئەگەر ئەو بڕگانەی سەرەوە جێبەجێكران، حكومەتی ئیتیحادی پابەند دەبێت بە پێدانی شایستە داراییەكانی هەرێم.

سێیەم: وەزارەتی دارایی لە سەرەتای ساڵی 2021ەوە قستەكانی قەرزی پەیوەست بە هەرێم لە بانكی بازرگانی عێراق دادەنێت بە گوێرەی خشتەیەكی پێنج ساڵیی.

چوارەم: حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێت بە پێدانی زانیاری لە بارەی میلاكاتی مەدەنی و سەربازی، بە گوێرەی دابەشبوونیان و پلەی وەزیفی و ناونیشانیان و رەگەزیان، دوای وردبینی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی ئیتیحادی و هەرێم.

پێنجەم: وەزارەتی دارایی پلەی وەزیفی و بڕی تەرخانكراوی دارایی بۆیان لە خشتەی هێزی كار لە هەرێمی كوردستان دەگوازێتەوە بۆ فەرمانگەكانی (رەگەزنامە، باری شارستانی بەنداو و كەشناسی) بۆ فەرمانگە بنەڕەتییەكانیان لە خشتەی هێزی كار لە وەزارەتی دارایی ئیتیحادی دوای وەرگرتنی رەزامەندی وەزارەتی دارایی ئیتیحادی و وەزارەتی دارایی هەرێم.

شەشەم: حكومەتی هەرێم پابەند دەكرێت بە خەرجكردنی شایستەی دارایی و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەو پشكەی بۆ هەرێم بڕیاری لێدراوە لە چوارچێوەی بودجەی هەرێم و قەرەبووكردنەوەی فەرمانبەران پێش دەركردنی هەر بڕیارێك بە خەرجكردنی هەر بڕە پارەیەك لە بودجەی ئەمساڵی لەگەڵ رەچاوكردنی حوكمەكانی ماددەی 25 بڕگەی دووەم لە یاسای ئیدارەی دارایی ئیتیحادی ژمارە 6ی ساڵی 2019.